وەزارەتی نەوتی عێراق: ئەمڕۆ کۆبوونەوە لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ناکرێت
بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەی نێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بکرێت؛ بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.

ئەمڕۆ شەممە 19ی نیسانی 2025 د. عەبدولساحب بزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ هیچ کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، کۆمپانیاکانی نەوت و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوت ناکرێت." هاوکات بوشرا قەیسی، ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "هێشتا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوە و دانیشتنی ئاشکرا، دیاری نەکراوە."
ئەو ئەندامەی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمان ئاماژەی بەوەش کرد، "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان داوای چاوپێکەوتنێکی سەرەتایی لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو وەزارەتە وادەکەی دیاری نەکردووە."
هەر ئەمڕۆ، یەکێک لە بانگهێشتکراوەکانی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، "لەسەر داواکاری بەغدا، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ لەنێوان وەزارەتی سەرچاوە سرووشتییەکان و کۆمپانیاکان و حکومەتی عێراق دواخرا."
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژی چوارشەممە 16ی نیسان، وەزیرى نەوتى عێراق رایگەیاند، "رۆژی شەممە 19ی نیسان، شاندێکى وەزارەتى سامانە سرووشتیەکانی هەرێمی کوردستان سەردانى بەغدا دەکات بۆ دەستپێکردنەوەى دانوستاندنەکان بۆ هەناردەکردنەوەى نەوت."
پەرلەمانى عێراق، رۆژی دووى شوباتى 2025، یەکەم هەموارى یاسای بودجەى سێ ساڵی عێراقى پەسند کرد، بۆئەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەستپێبکاتەوە، کە لەساڵى 2023ـەوە وەستاوە.
بەگوێرەى هەموارەکە بۆ بە بەرهەمهێنان، گواستنەوەى نەوتی هەرێمی کوردستان 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کراوە، تاوەکو ئەو کاتەى لایەنێکى نێودەوڵەتیی راوێژکاری لە 60 رۆژدا نرخێکى خەمڵێندراو دیاری دەکات، بەڵام کۆمپانیاکان و وەزارەتى نەوت لە بارەى قەرزى پێشوو، هەروەها گەرەنتى خەرجکردنى ئەو شایستە داراییانە رێکنەکەوتوون.
سەرچاوە: ڕووداو