گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: تاوەکو ئێستا ناتوانین بڵێین وشکەساڵییە

گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، نابێت تەنیا لەسەر بنەمای کشتوکاڵی بڕیار لەسەر وشکە ساڵی بدرێت، تاوەکو ئێستا لە هیچ ناوچەیەک وشکە ساڵییان رانەگەیاندووە.

شوبات 19, 2025 - 09:51
گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ: تاوەکو ئێستا ناتوانین بڵێین وشکەساڵییە

رۆژی سێشەممە، 18ـی شوباتی 2025، هیوا عەلی، گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تاوەکو ئێستا ناتوانین بڵێین کە وشکەساڵییە، راستە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت هەولێر بارانی پێویست نەباریوە، بەڵام بەو مانایە نایەت کە وشکەساڵی بێت." وەرزی بارینی رابردوو، لە سەنتەری هەولێر 242.2 ملیم باران باریبوو. گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "ئەم وەرزە تاوەکو ئێستا لە سەنتەری هەولێر 82.4 ملیم بارانباریوە." هیوا عەلی گوتی، "تاوەکو دوو مانگی دیکەش کاتی بارانبارین ماوە، ئەگەری هەیە لە مانگەکانی داهاتوودا بارانی پێویست ببارێت، بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ لە هیچ ناوچەیەک وشکەساڵیمان رانەگەیاندووە." سەبارەت بە راگەیاندنی وشکەساڵی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵی دەڵێت، "وشکەساڵی فرە رەهەندە، ناتوانین تەنیا لەسەر یەک رەهەند وشەکەساڵی رابگەیێنین، پێویستە ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ، ئاژەڵداری، ئاوی ژێر زەوی، بەنداوەکان، ژینگە، بەروبوومی ئالیک و ئاسایشی خۆراک وەربگیرێت دوای بەروارد کردن ئەگەر لە رێژەی ستاندارد کەمتربوو ئەوکات دەتوانن رایبگەیێنن کە وشکەساڵییە." لەبارەی بەرهەمی گەنم هیوا عەلی ئاماژەی بەوەکرد، "دۆخی چاندن لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە باشترە لە پارێزگاکانی هەولێر و دهۆک، چونکە بڕی بارانبارین لەو دوو پارێزگایە باشتر بووە، بە بەراورد لەگەڵ دهۆک و هەولێر چونکە هیچ کامیان بڕی بارینی پێویستی ئەم وەرزەیان تێنەپەڕاندووە." ساڵی رابردوو بەرهەمی گەنمی هەرێمی کوردستان زیاتر بوو لە یەک ملیۆن تۆن. بە گوتەی گوتەبێژی وەزارەتی کشتوکاڵ، " چونکە ئەم ساڵ بارانمان کەمترە و بەرهەمی گەنمیش کەمتر دەبێت." دوایین ئاماری بڕی بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو 9-2-2025. ناوەندی هەولێر؛ 82.4ملم عەنکاوە:93.7ملم شەقڵاوە؛ 152ملم هەریر؛ 148.5ملم کۆیە؛ 104.5ملم سۆران؛107.1ملم چۆمان 0.6ملم ناوەندی سلێمانی؛ 254.4ملم هەڵەبجەی تازە؛ 246.2ملم چەمچەماڵ؛ 156.9ملم دەربەندیخان 256.6ملم ناوەندی دهۆک؛ 51.3ملم سێمێل؛ 83.8ملم شێخان؛ 103ملم ئامێدی؛ 253ملم بەردەڕەش؛ 119.6ملم ئاکرێ؛ 141.2ملم ناوەندی هەڵەبجە؛ 276.8ملم خورماڵ؛ 282.8ملم تەوێڵە؛394.7 ملم بیارە؛ 384ملم سەرچاوە: ڕووداو