راوێژکارێکی سوودانی: عێراق بە بڕی 16 تریلیۆن دۆلار کانزای هەیە
راوێژکارێکی سوودانی دەڵێت، عێراق خاوەنی چەندین جۆر بەرد و کانزای گرانبەهایە، کە ئەگەر پیشەسازییان تێدا بکرێت، داهاتەکەی نزیکەی 16 تریلیۆن دۆلار دەبێت.

د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "عێراق دەوڵەمەندە بە چەندین جۆر لە کانزا و بەردی گرانبەها، لەوانە لمی سیلیکا (لمی شووشەیی)، کە لە پارێزگاکانی ئەنبار، نەجەف، کەربەلا و موسەننا هەن. ئەو جۆرە لمە لە پیشەسازییەکانی دروستکردنی شووشە، سیرامیک و چیپی ئەلیکترۆنی بەکاردەهێندرێت."
ئەو راوێژکارەی سوودانی ئاماژەی بەوەش کرد، "بەردی کوارتز، کە دەوڵەمەندە بە سیلیکا و لە ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئەویش بۆ دروستکردنی چیپی ئەلیکترۆنی (semiconductors)، شووشە و پۆرسەلین بەکاردەهێندرێت."
بە گوتەی د. مەزهەر محەممەد، عێراق بڕێکی زۆر لە فۆسفاتی هەیە، "بەتایبەتی لە ناوچەی عەکاشاتی پارێزگای ئەنبار، کە لە دروستکردنی چیمەنتۆ بەکاردەهێندرێت." هەروەها، "لەگەڵ بوونی گۆگرد لە ناوچەی مەشراقی نزیک موسڵ، کە عێراق یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی گۆگردی ئازاد لە جیهاندا." راوێژکاری دارایی و ئابووریی سوودانی ئەوەشی خستەڕوو، "عێراق خاوەنی بڕێکی باش لە زێڕە، بەتایبەتی لە ناوچە بەرزایی و شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان، جگە لە بوونی، ئاسن، نیکڵ، سۆریۆم، قوڕقوشم و بەردی جیری (limestone)."
وەکو د. مەزهەر محەممەد دەڵێت، بەپێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان، دەکرێت داهاتی پیشەسازیکردن بەو کانزایانە بگاتە "نزیکەی 16 ترلیۆن دۆلار،" بەڵام تاوەکو ئێستا نەتواندراوە بەگوێرەی پێویست سوودیان لێوەربگیرێت.
سەرچاوە: ڕووداو