عەبدولساحیب بزوون، گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2025، راگەیاند: "یەکێک لە کەشتییەکان گەیشتووە و ئەوی دیکەیان لە رێگەیە. گرێبەستەکانیان پێش دەرچوونی بڕیاری راگرتنی هاوردەکردنی بەنزین بووە."
گوتەبێژی وەزارەتەکە رایگەیاند: "دوای گەیشتنی ئەو کەشتییە، ئیدی هاوردەکردنی بەنزین رادەگیرێ."
وەزارەتی نەوتی عێراقیش لە راگەیێندراوێکدا روونکردنەوەی لەبارەی گەیشتنی کەشتییەکی هەڵگری 50 هەزار مەتر سێجا بەنزین بۆ بەندەرەکانی عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بڕیارە کەشتییەکی دیکەش لە چەند رۆژی داهاتوودا بگات.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەموو رێکارە دارایی و لۆجستییەکانی ئەو دوو گرێبەستە، پێش دەرچوونی بڕیاری راگرتنی هاوردەکردنی بەنزین تەواو کرابوون.
4ـی تشرینی دووەمی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بڕیاری راگرتنی هاوردەکردنی بەنزین، گازوایل و نەوتی رەشی دەرکرد، ئەوەش لە چوارچێوەی پلانی بەرهەمهێنانی ئەو بڕەی کە پێویستە لە نێوخۆدا.
وەزارەتی نەوتی عێراق باس لەوە دەکات، بڕیاری راگرتنی هاوردەکردنی بەنزین پاڵپشتە بە زیادبوونی بەرچاوی بەرهەمی نێوخۆی سووتەمەنی کە بە "دەستکەوتێک بە هەوڵی وەزارەتی نەوت و حکومەت" ناوی بردووە.
بەگوێرەی وەزارەتەکە، توانای بەرهەمهێنان گەیشتووەتە ئاستێک کە پشتبەخۆبەستن بۆ ئەم بەرهەمە مسۆگەر دەکات.
بەگوێرەی وەزارەتی نەوت، ئەم هەنگاوە دەبێتەهۆی گەڕانەوەی پارەیەکی یەکجار زۆر بۆ گەنجینەی دەوڵەت.
سەرچاوە:رووداو