عەباس عەباسی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بۆکان لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، بڕی ئاوی گلدراو لە بەنداوی بۆکان بەراورد بە پار زۆر کەمی کردووە و ئێستا تەنیا 41.8 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
عەباسی گوتی: "بەنداوی بۆکان پڕئاوترین بەنداوی پارێزگاکەیە و ئێستا ئاستی ئاوەکەی گەیشتووەتە هەزار و 394.8 مەتر کە بەراورد بە پار ئاستی ئاوەکەی نزیکەی 10 مەتر دابەزیوە."
بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئاوی بۆکان گوتی، لە یەک ساڵی رابردوودا بڕی ئەو ئاوەی دەڕژێتە نێو بەنداوەکە نزیکەی یەک ملیار مەتر سێجا کەمی کردووە و ئەوەش وایکردووە، قەبارەی کۆگاکردنی بەنداوەکە بۆ کەمتر لە 41.8 ملیۆن مەتر سێجا دابەزێ.
لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان 16 بەنداوی گەورە، مامناوەند و بچووک هەن کە توانای گلدانەوەی 2.5 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە. بەنداوی بۆکان 25 کیلۆمەتری لە باشووری رۆژهەڵاتی بۆکانە و لەسەر رووباری تەتەهوو دروستکراوە و توانای لەخۆگرتنی 800 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە.
بەنداوی بۆکان ئاوی خواردنەوە بۆ 23 شار و زیاتر لە 130 گوند لە پارێزگاکانی ورمێ، تەورێز و سنە دابین دەکات.
ئەم ساڵ قەیرانێکی سەختی کەمئاوی زۆربەی ناوچەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە. بە گوێرەی بەڕێوەبەرایەتیی دابەشکردنی سەرچاوەکانی ئاو لە ئێران، 19 بەنداوی ئەو وڵاتە بە تەواوی وشکبوون کە 10٪ی تەواوی ئاوی کۆگاکراوی وڵاتەکەیان لەخۆدەگرت.
سەرچاوە:رووداو