لە 30ی حوزەیرانەوە مونزیر ئیبراهیم حوسێن بە فەرمی لە پۆستی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی لە شوێنی جاسیم عومێری، سەرۆکی پێشووی دادگە دەستبەکاربووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، دادگەکە لە 8ی تەممووزەوە تاوەکو 11ی ئەیلوول، 57 سکاڵای تاوتوێ کردووە.
49 سکاڵا لەلایەن دادگەوە بە پاساوی جیاواز رەتکراوەتەوە، لەوانە 23 سکاڵا بە پاساوی ئەوەی لە پسپۆڕی دادگە نەبوون، رەتکراونەتەوە.
ئازاد دۆسکی، پارێزەر کە لەو ماوەیەدا سکاڵایەکی رەتکراوەتەوە، بە رووداوی گوت: "رەتکردنەوەی سکاڵاکان بە پاساوی ئەوەی لە پسپۆڕی دادگەی باڵای فیدراڵی نییە بۆ ئەوەیە کە پەنا ببرێت بۆ دادگەکانی دیکە."
ئازاد دۆسکی گوتیشی: "رەتکردنەوەی ئەو هەموو سکاڵایە گەڵاڵەی ئەوەیە کە پێکهاتەی نوێی دادگە نایەوێت خۆی لە پرسە سیاسییەکان بگلێنێت."
لەم ماوەیەدا دادگە دوو بڕیاری لەسەر سکاڵاکان داوە و بە نادەستووری داناون، کە تایبەت بوون بە یاساکانی پاسپۆرت و خوێندنی باڵا.
ئازاد دۆسکی گوتی: "پێکهاتەی دادگەی پێشوو سکاڵاکانی زیاتر دوا دەخست، بەڵام ئەم پێکهاتەیە زووتر سکاڵاکان یەکلا دەکاتەوە و کەمتر دوایاندەخات بەتایبەت ئەگەر سکاڵاکە لە پسپۆڕیی ئەودا نەبێت"
لە هەمان ماوەدا، پێنج سکاڵا لەلایەن سکاڵاکارەکانەوە کشێندراونەتەوە.
ئەو گۆڕانکارییە لە شێوازی بڕیاردان لە سکاڵاکانی دادگەی باڵای فیدراڵی هاوکاتە لەگەڵ دەرکردنی پەیڕەوی نوێی کارکردنی ئەو دادگەیە لە 1ی ئەیلوولەوە کەوتە بواری جێبەجێکردن، کە تێیدا مادەکانی پەیڕەوەکە لە 53 مادەوە بۆ 24 مادە کەمکراوەتەوە و هەندێک لەو پرسانەش کە پێشتر لە پەیڕەوەکەدا ئاماژەی پێدرابوو بۆ ئەوەی سکاڵای لەبارەوە لەو دادگەیە تۆمار بکرێت، لادراون.
سەرچاوە: ڕووداو