بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکان: رۆژانە 15 بۆ 18 گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەکرێن

بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییەکان نەگەیشتوونەتە ئاستی جاران، بەڵام ئاماژەکان ئەرێنین بەرەو گەڕانەوەی قۆناخ بە قۆناخ بۆ دۆخی جاران.

نیسان 19, 2026 - 11:57
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکان: رۆژانە 15 بۆ 18 گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەکرێن

رۆژی یەکشەممە، 19ی نیسانی 2026، ئەحمەد وەحید، بەڕێوەبەری بەشی پەیوەندییەکان و راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆکەخانەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی ئێستای گەشتە ئاسمانییەکان باشتربوونێکی بەرچاوی پێوە دیارە و لە زیادبوونی بەردەوامدایە، هەرچەندە هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی ئاسایی خۆی." ئەحمەد وەحید ئاماژەی بەوە کرد چەندین کۆمپانیای گەورەی فڕۆکەوانی دەستیان بە کارکردن کردووەتەوە، لەوانە، کۆمپانیای فڕۆکەوانی شاھانەی ئوردنی، میسر بۆ فڕۆکەوانی، نیل بۆ فڕۆکەوانی، فلای دوبەی، عەرەبییە بۆ فڕۆکەوانی و فلای شام. هەروەها گوتی: "چاوەڕوان دەکرێت رۆژی دووشەممە هێڵی ئاسمانیی لوبنانیش بگەڕێتەوە و دەست بە گەشتەکانی بکاتەوە." سەبارەت بە ژمارەی ئەو گەشتانەی ئێستا لە فڕۆکەخانەکان دەکرێن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی فڕۆکەخانەکان گوتی: "ئێستا رۆژانە لە نێوان 15 بۆ 18 گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا دەکرێن." ئەحمەد وەحید گەشبینی خۆی نیشان دا کە لە رۆژانی داهاتوودا ئەم ژمارەیە "بە شێوەیەکی بەرچاو" زیاد بکات و جموجۆڵی ئاسمانیی عێراق بگەڕێتەوە سەر رێڕەوی سرووشتی خۆی. لە 28ی شوباتی 2026 و لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، ئاسمانی عێراق بە رووی گەشتە ئاسمانییەکاندا داخرا. گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە رۆژی 10ی نیسانی 2026ـەوە دەستیانپێکردەوە.