کۆمسیۆن: هەڵبژاردن لە 8 هەزار بنکە و 39 هەزار وێستگەی دەنگدان دەکرێت

ئەنجوومەنی کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ژمارەی کۆتایی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پەسند کرد و هەڵبژاردنەکە لە زیاتر لە 8 هەزار بنکەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت.

ايلول 4, 2025 - 17:51
کۆمسیۆن: هەڵبژاردن لە 8 هەزار بنکە و 39 هەزار وێستگەی دەنگدان دەکرێت

جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمسیۆن، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ـی ئەیلوولی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی پەسندکراو 8,703 بنکەن و کۆی ژمارەی وێستگەکانی دەنگدانیش 39,285 وێستگەیە."

گوتەبێژی کۆمسیۆن گوتی: "لە هەر وێستگەیەکی دەنگدان 550 دەنگدەر دەتوانن دەنگ بدەن، ئەوەش بە ئامانجی رێکخستن و ئاسانکردنی پرۆسەی دەنگدان بۆ دەنگدەران. کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەرانی تۆمارکراو لە تۆماری گشتیی دەنگداندا 20,063,773 کەسە."

 بڕیارە لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردن بۆ 329 کورسیی پەرلەمانی عێراق بکرێت.

لە عێراق نزیکەی 29 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، زیاتر لە 21 ملیۆن کەس کارتی بایۆمەتری دەنگدانیان هەیە و دەتوانن دەنگ بدەن.