ئەمڕۆ پێنجشەممە 4-9-2025 د. چنار سنجاوی، بەرپرسی کۆنترۆڵی شێرپەنجە لە وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بە رووداوی رایگەیاند، "ئێمە لەگەڵ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە هاوئاهەنگییەکی بەردەوامداین بۆ کۆنترۆڵکردنی شێرپەنجە."
سەبارەت بە سەنتەرەکانی پشکنین، د. چنار سنجاوی گوتی، "لە هەموو شارەکان سەنتەری پشکنینی پێشوەختی شێرپەنجەمان هەیە."
لەبارەی ئاماری تووشبووان، بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەکرد، "هەولێر زۆرترین تووشبووی شێرپەنجەی مەمکی هەیە، هۆکارەکەشی ئەوەیە کە تۆمارکردنی ئامار لە هەولێر زۆر باشە و وەزارەتی تەندروستیی عێراقیش سوپاسی کردووین."
د. چنار سنجاوی ئەوەشی خستەڕوو کە تیمی تایبەتیان هەیە لە کەمپەکاندا بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لەبارەی نەخۆشییەکەوە.
یەکەمین کۆنفرانسی شێرپەنجەی مەمک لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەستیپێکرد، کە تێیدا ژمارەیەک پزیشکی ناوخۆیی و بیانی بەشدارن و بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.