وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ رووداو: پشکی هەرێمی کوردستان لە دەرمان بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان دەبێت

وەزارەتی تەندروستیی عێراق دەڵێ، پشکی هەرێمی کوردستان لە دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان، بە دەرمانی شێرپەنجەشەوە، بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان دابین دەکرێت.

ايلول 3, 2025 - 14:19
وەزارەتی تەندروستیی عێراق بۆ رووداو: پشکی هەرێمی کوردستان لە دەرمان بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان دەبێت
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 03-09-2025  راگەیاند، "وەزارەتی تەندروستی پشت بە پلانێکی نیشتمانی دەبەستێت بۆ دابەشکردنی دەرمان و پێداویستییە تەندروستییەکان، ئەوەش بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان و داتای فەرمیی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، "پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان پشکی خۆیان لە دەرمان و کەرەستە تەندروستییەکان هەیە، چونکە دابینکردنەکەی ناوەندییە."
 
سەیف بەدر گوتی، "هەندێک دەرمان هەن فەرمانگەکان خۆیان دەیانکڕن یان گرێبەستی بۆ دەکەن، بەڵام دەرمان و ڤاکسین و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لەلایەن ناوەندەوە دابین دەکرێن و پشکی هەرێمی کوردستانیش بەگوێرەی رێژەی دانیشتووان دەبێت، بە چارەسەرییەکانی شێرپەنجەشەوە."
سەرچاوە: ڕووداو