شوان محەممەد، جێگری سەرۆکی لیژنەی شەهیدان، قوربانییان و زیندانییانی سیاسی لە پەرلەمانی عێراق، راگەیاند، "بەگوێرەی بڕگەی 15 لە مادەی 3ی یاسا هەموارکراوەکە، ئەو زیندانییە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس لەنێوان ساڵانی 1963 بۆ 2003 زیندانیکراون، قەرەبوو دەکرێنەوە."
یەکێک لە سەرەکیترین خاڵەکانی ئەم هەموارە، یەکخستنی مووچەی زیندانییانی سیاسیی هەرێمی کوردستانە لەگەڵ عێراق. شوان محەممەد گوتی، "پێشتر لە عێراق مووچەی زیندانیی سیاسی یەک ملیۆن و 200 هەزار دینار بوو بۆ 25 ساڵ، بەڵام لە هەرێمی کوردستان تەنیا 500 هەزار دینار بوو بۆ 10 ساڵ. بەگوێرەی ئەم یاسایە، ماف و مووچەی زیندانییانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی عێراقی لێ دێت."
ئەو پەرلەمانتارە گوتی، هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی پابەند کراون بە جێبەجێکردنی یاساکە، وەزارەتی دارایی عێراقیش راسپێردراوە بۆ هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە مەبەستی دابینکردنی شایستە داراییەکان.
لە بەشێکی دیکەی دانیشتنەکەدا، پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر لیستی باڵیۆزەکان دا و پەسندی کرد.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، لیستەکە 93 باڵیۆز بوو، ژمارەیەک لە باڵیۆزە پەسندکراوەکان کوردن، لەوانە ئەشواق جاف و دانا جەزا.
هەر لە دانیشتنەکەدا مەتین حەسەن عەلی چادرچی وەکو بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکانی حکومەتی فیدراڵی پەسند کرا.
22ی تەممووزی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لیستی باڵیۆزە نوێیەکانی پەسند کرد و بۆ دەنگدان لەسەری رەوانەی پەرلەمانی کرد.
بەگوێرەی بڕگەی پێنجەم لە مادەی 61ی دەستووری عێراق، پەسندکردنی باڵیۆزەکان لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقە.
د. موسەننا ئەمین، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لیژنەکەیان لە پڕۆسەی دەستنیشانکردن و چاوپێکەوتنی ئەو کەسانەی لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە بۆ پۆستی باڵیۆز بەربژێرکراون، بەشداریی نەکردووە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە گوتیشی، "کەسانێکی زۆر لەو لیستەدان کە شایستەی ئەوە نین ببنە باڵیۆز و نوێنەرایەتیی عێراق بکەن."
بە گوتەی د. موسەننا ئەمین، پێشتر رێککەوتن کرابوو 50%ی باڵیۆزەکان لەلایەن لایەنە سیاسییەکانەوە دیاریبکرێن و 50%کەی دیکە لەلایەن وەزارەتی دەرەوە و لەسەر بنەمای لێهاتوویی و شارەزایی بن، "بەڵام لایەنە سیاسییەکان دەستوەردانیان لە پشکی وەزارەتی دەرەوەش کرد و پڕۆسەکە بە نزیکەیی 100% بووە سیاسی."
د. موسەننا ئەمین گوتیشی، "پێویستییەکی زۆر بە باڵیۆزی نوێ هەیە. زۆر باڵیۆزخانە بێ باڵیۆزن، چونکە هەندێک لە باڵیۆزەکان خانەنشین بوون یان کۆچی دواییان کردووە. بەشێک لە باڵیۆزخانەکان بە وەکالەت بەڕێوەدەبرێن."
سەرچاوە: ڕووداو