دارا خەیلانی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سبەی کۆنفرانسێکی ژنانی هاوپەیمانانی سۆسیال دیموکرات لە وڵاتانی عەرەبی لە شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت و پێنجشەممە بە فەرمی کۆنفرانسی گشتیی دەستپێدەکات".
بڕیارە کۆنفرانسەکە 28، 29 و 30ـی ئاب بەڕێوەبچێت. دارا خەیلانی دەڵێت: "لە کۆنفرانسەکەدا سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانی سۆسیال دیموکرات لە وڵاتانی عەرەبی بەشداری دەکەن، هاوکات بانگهێشتی چەندین پارتی دیکەی دیموکرات لە وڵاتانی ئەورووپا و جیهان گشتیی کراوە".
بە گوتەی دارا خەیلانی، "لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەریەکە لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بانگهێشتی کۆنفرانسەکە کراون و بەشداری دەکەن".
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، لە کۆنفراسەکەدا سەرۆک یان نوێنەرانی بەشێک لە حیزبەکانی باکوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستانیش بەشداری دەکەن.