دەوڵەت باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: نابێت ئەم هەلە زێڕینە بەهەدەر بدرێت

سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەڵێت، دەبێت ''بە یەکڕیزی و دەست لەنێو دەست'' هەنگاو بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بنرێت؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''نابێت ئەو هەلە زێڕینەی هاتووەتە بەردەممان، بەهەدەر بدرێت.''

ئاب 26, 2025 - 19:58
دەوڵەت باخچەلی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: نابێت ئەم هەلە زێڕینە بەهەدەر بدرێت
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە رۆژی سێشەممە 26ی ئابی 2025 لە هەژماری پارتەکەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، پرۆسەی چارەسەری بریتییە لە پڕۆژەی ''ئاشتیی سەت ساڵەی نوێ''ی تورکیا و گوتی، ''نابێت ئەو هەلە زێڕینەی هاتووەتە بەردەممان، بەهەدەر بدرێت.''
 
باخچەلی باسی لەوەش کرد، دەبێت ''بە یەکڕیزی و دەست لەنێو دەست'' هەنگاو بۆ سەرخستنی پرۆسەکە بنرێت. گوتیشی، ''نابێت زیان بە هەستی برایەتی بگەیێندرێت.''
 
پرۆسەی ئەم جارەی چارەسەری لە تورکیا، لە 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی سەرۆکی مەهەپە دەستیپێکرد.
 
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێ، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێ.
 
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
 
11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداش لە سنووری پارێزگەی سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان سووتاند.
 
هەروەها لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، لیژنەی (هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا بۆ پرۆسەکە پێکهێندراوە کە هەفتانە کۆبوونەوە دەکات.
سەرچاوە: ڕووداو