رۆژنامەی vdl news لوبنانی: نێچیرڤان بارزانی لە تاران: چارەنووسمان لە جێبەجێکردنی دەستووردایە

لە نێوان ئەو دیدار و گفتوگۆیانەی کە شایەنی هەڵوەستە لەسەرکردنن، دەکرێت ئاماژە بەو لێدوانە بکەین کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ تاران پێشکەشی کرد.
لێدوانێک کە زیاتر لە "بەڵگەنامەیەکی سیاسی" دەچوو، تێیدا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی روانینی خۆی بۆ چەندین پرسی گرنگ خستەڕوو، لەوانە: عێراق و سیستەمی فیدراڵی، هەروەها پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، تەنانەت داهاتووی پرسی کورد لە هەرێم و دەرەوەشی فەرامۆش نەکرد.
سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەم دیدارەدا هێمنانە، بەڵام بە ورد و تیژبینییەوە کەموکورتییەکانی دەستنیشان کرد، نەرمونیان بەڵام پتەو و راشکاوانە پێگەی کوردی لە عێراق و ناوچەکەدا دیاری کرد. لە وتەکانیدا لەسەر سەکۆی " گفتوگۆی تاران" لە رۆژی یەکشەممە، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لە وەسفکردنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر هیچ سازشێکی نەکرد. بە راشکاوی راگەیاند: ناوی سیستەمی عێراق فیدراڵییە، بەڵام واقیعی حاڵ دەڵێت کە فیدراڵییەت جێبەجێ نەکراوە. ئەم جیاوازییە لە نێوان دەق و پراکتیزەکردندا، بەپێی تێڕوانینی سەرۆک، جەوهەری قەیرانەکەیە لە نێوان هەردوولادا. هەتا ئەم کێشەیە چارەسەر نەکرێت، عێراق ناتوانێت سەقامگیری سیاسی تەواوەتی بەدەست بهێنێت. وەک خۆی دەڵێت، "کوردستان لە جوگرافیایەکدا دەژی کە ناوی عێراقە"، بەڵام بەبێ مۆدێلێکی حوکمڕانی کە هەموو لایەک رەزامەندی لەسەر بن و دەقی دەستوور جێبەجێ بکات، پەیوەندییەکان هەر پڕ لە گومان و بێمتمانەیی دەمێننەوە. لێرەوە، سەرۆکی هەرێم هەنگاوێکی زیاتری بۆ پێشەوە نا کاتێک بانگەشەی بۆ "دیالۆگێکی راستەقینە و کراوە" لەگەڵ بەغدا کرد بۆ دیاریکردنی "خاڵە هاوبەشەکان" کە ببنە بناغەی بنیاتنانی عێراقێکی نوێ. ئەو پێشنیازەکەی لە پێگەی گلەیی و سکاڵاوە پێشکەش نەکرد، بەڵکو لە پێگەی هاوبەشی و شەراکەتەوە بوو.
سەبارەت بە پێگەی هەرێمی عێراق، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وریایانە جەختی لەسەر دەرخستنی گۆڕانی وڵاتەکە کرد لە گۆڕەپانی شەڕەوە بۆ ئەکتەرێکی کاریگەر لە دەوروبەری خۆیدا، بە نموونەهێنانەوەی سەرکەوتنی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا وەک بەڵگەیەک بۆ گەڕاندنەوەی متمانەی عەرەبی بە رۆڵی عێراق. ئەو وڵاتەکەی وەک "دەوڵەمەند بە سامانە سروشتی و مرۆییەکان" وەسف کرد، بەڵام جەختی کردەوە کە داهاتووی سیاسی و ئابووری پشت بە دیدگایەکی نیشتمانی یەکگرتوو و گشتگیر دەبەستێت، نەک بە هاوکێشەکانی پشکپێدان یان بەرتەسکردنەوەی روانین. کاتێک گفتوگۆکە گواسترایەوە بۆ پەیوەندی لەگەڵ ئێران، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئاستی کەسی و مێژوویی کاریگەر دەرکەوت. وەک "دراوسێیەکی پشتیوان" باسی کۆماری ئیسلامیی کرد، بەتایبەتی لە قۆناغە دژوارەکاندا: لە تراژیدیای هەڵەبجەوە بۆ ساڵانی ئاوارەیی، بۆ شەڕی "داعش". سەرۆکی هەرێم لەبیری نەکرد ئاماژە بە سەردانی ژەنەراڵ قاسم سولەیمانی بۆ هەولێر لە سەرەتای مەترسیدا بکات. پەیوەندی لێرەدا، بەپێی روانینی نێچیرڤان بارزانی، تەنها لەسەر بنەمای گۆڕینەوەی بەرژەوەندییەکان نییە، بەڵکو لەسەر میراتێکی دێرین و رەگداکوتاو لە پەیوەندییە کەلتووری، زمانی و مرۆییەکان بنیات نراوە. دوور لە مێژوو، ئێستاش پەیوەندییەکی گەرم و کاریگەر لە نێوان هەردوو لادا هەیە. سەرۆک کۆماری نوێی ئێران، مەسعود پزیشکیان، سەردانی هەولێری کرد و بە زمانی کوردی قسەی کرد، ئەمەش سەرۆک نێچیرڤان بارزانی وەک نیشانەیەک بۆ "کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ" لە پەیوەندییەکان وەسفی کرد. لەژێر ئەم ناونیشانەدا، پەیوەندییەکان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا بەرەو پێشەوە دەچن: لە بازرگانییەوە بۆ پەروەردە بۆ هەماهەنگی ئەمنی. لەم چوارچێوەیەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاشکرای کرد کە ٦٠٪ ی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئێران و عێراق لە رێگەی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت. لە پرسە ئەمنییەکاندا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە خاکی هەرێمی کوردستان "لەژێر هیچ بارودۆخێکدا نابێتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆ ئێران". ئەمەش بەڵێنێکە کە بە راشکاوی دەربڕی، ئاماژەی بە بوونی میکانیزمێکی سێ قۆڵی کرد بۆ هەماهەنگی لە نێوان بەغدا، هەولێر و تاران بۆ مسۆگەرکردنی ئاسایشی سنوورەکان. سەبارەت بە پارتی کرێکارانی کوردستان، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئامادەیی هەرێمی دەربڕی بۆ گێڕانی رۆڵێکی یارمەتیدەر لە هەر پرۆسەیەکی ئاشتیانەدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد لەگەڵ تورکیا، دووبارەش هەڵوێستی خۆی لە دژی چارەسەری سەربازی دووپات کردەوە. لە نێوەندی هەموو ئەم پرسانەدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی ئاماژەدان بە رەهەندی مرۆیی پەیوەندی لەگەڵ ئێرانی لەبیر نەکرد، بیرەوەرییەکانی پەنابردنی بۆ ئەوێی لە سەردەمی سەرکوتکاریدا هێنایەوە. راشکاوانە رایگەیاند کە لەوێ هەرگیز هەستی بە نامۆیی نەکردووە، بەڵکو وەک یەکێک لە رۆڵەکانی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کراوە. بۆیە، هەر سەردانێک کە بۆ تاران دەیکات، لە رووی سۆزدارییەوە دەیباتەوە بۆ گەڕەکی "عەزیمیە" لە شاری کەرەج، کە بەشێکی بەرچاو لە رابردووی خۆی تێدا بەسەر بردووە. نێچیرڤان بارزانی، لە دیالۆگە هێمن و راشکاوەکەیدا، بەرگرییەکی تەقلیدی لە هەرێم پێشکەش نەکرد، بەڵکو دیدگایەکی هاوبەشی واقیعبینانە و نەرمی خستەڕوو کە لە ناوخۆدا پشت بە دەستوور دەبەستێت و لە دەرەوەش لەسەر بنەمای رێزی دووقۆڵی بنیاتنراوە. ئەگەر ئەو پێشنیازانەی کە خستوویەتییەڕوو جێبەجێ بکرێن، رەنگە هەرێمی کوردستان ببێتە کلیلی چارەسەر بۆ ناوچەکە.