ئێران رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت؛ "سزاکان بەشێکن لە پەیوەندییەکان لە رێگەی تیرۆری ئابورییەوە"

ئێران بڕیاری ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەریدا بە "تیرۆری ئابووری" ناودەبات، ئەوەش تەنیا چەند رۆژێک پێش دەستپێکردنی گەڕێکی دیکەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان لەنێوان دووژمنە دێرینەکاندا.

ئارەی 1, 2025 - 23:25
ئێران رەخنە لە ئەمریکا دەگرێت؛ "سزاکان بەشێکن لە پەیوەندییەکان لە رێگەی تیرۆری ئابورییەوە"

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، سزای بەسەر حەوت کۆمپانیادا سەپاندووە کە لە فرۆشتنی نەوتی ئێراندا رۆڵیان هەیە - چواریان لە ئیماراتن و یەکێکیان لە تورکیا.

مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: "تاوەکو ئێران هەوڵبدات داهاتی نەوت و پیترۆکیمیایی بۆ چالاکییە ئاژاوەگێڕییەکانی خۆی بەدەستبهێنێت و پشتیوانی لە چالاکییە تیرۆریستییەکانی و هێزە بەوەکالەتەکانی بکات، ئەمریکا هەنگاو دەنێت بۆ ئەوەی ئەو وڵاتە و هەموو ئەو هاوبەشانەی کە لە خۆلادان لە سزاکاندا بەشدارن، لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت".

ئەم هەنگاوە پێش دەستپێکردنی گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا لە رۆژی شەممە لە رۆما دێت کە تاران بەدوای سووککردنی سزاکاندایە لە بەرامبەر سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.

 ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە راگەیێندراوێکدا گوتی، سزاکان بەشێکن لە هەوڵەکانی ئەمریکا "بۆ تێکدانی پەیوەندییە دۆستانە و یاساییەکانی نێوان وڵاتانی گەشەسەندوو لە رێگەی تیرۆری ئابوورییەوە". ئیسماعیل بەقایی ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو هەنگاوە "بەڵگەیەکی روونی ئەو رێبازە دژبەیەکە بڕیاربەدەستانی ئەمریکا گرتوویانەتەبەر، لەگەڵ نەبوونی نیازی پاک و جیدییەتیان لە پێشخستنی رێڕەوی دیپلۆماسی".

لەو کاتەوەی لە مانگی یەکدا گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، دۆناڵد ترەمپ هەڵمەتی "زۆرترین گوشار"ی بۆ سەر ئێران دەستپێکردوەتەوە، کە رەنگدانەوەی رێبازەکەی بوو لە یەکەم خولیدا، ئەوە لە کاتێکدایە داوای گفتوگۆش دەکات.

 ترەمپ مانگی ئادار نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران نارد کە بڕیاردەری کۆتایی سیاسەتە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتەیە، هانی گفتوگۆی دا و هۆشداریدا لە ئەگەری کردەی سەربازی ئەگەر ئێران گفتوگۆ رەت بکاتەوە.

لە یەکەم خولیدا، ترەمپ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 لەنێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشاندەوە و سزای تووندی سەپاندەوە، ئەوەش وایکرد کۆماری ئیسلامی پابەندبوونە ئەتۆمییەکانی خۆی کەم بکاتەوە.

سەرچاوە: ڕووداو