پەروین بوڵدان: دانانی چەکی پەکەکە پێویستی بە زەمینەی یاساییە

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی و پەرلەمانتاری دەم پارتی رایدەگەیێنێت، حکومەتی تورکیا بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی چارەسەری ئامادەکاریی هەیە و دەڵێت، "بۆ نەهێشتنی شەڕ و دانانی چەک، زەمینەیەکی یاسایی، مەرجە."

تشرینی یەکەمی 23, 2025 - 11:16
پەروین بوڵدان: دانانی چەکی پەکەکە پێویستی بە زەمینەی یاساییە
رۆژی شەممە پەروین بوڵدان لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی دەم پارتی لە پارێزگای ئەرزەڕۆمی باکووری کوردستان گوتارێکی پێشکێش کرد و تێیدا باسی لە دوایین پێشهاتەکانی پرۆسەی چارەسەری و گفتوگۆکانیان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد.
 
ئەو ئەندامەی شاندی ئیمراڵی جەختی لە گرنگیی بوونی گەرەنتی و "یاسای قۆناخی راگوزەر" کردەوە بۆ سەرخستنی پرۆسەکە و گوتی، "بۆ ئەوەی پرۆسەکە پێشبکەوێت، دەرکردنی یاسایەک بە مەرج دەزانین. باس لە یاسایەکی قۆناخی راگوزەر دەکرێت کە چارەنووسی ئەو کەسانە دیاری دەکات چەک دادەنێن و تێکەڵ بە کۆمەڵگە دەبنەوە."
 
بوڵدان ئاماژەی بەوەش کرد، هەردوولا ئامادەکاری دەکەن، "هێشتا نازانین ئەو یاسایەی دەردەکرێت، کێ و چی و چەندە لەخۆدەگرێت، بەڵام ئامادەکاری بۆ ئەمە هەیە. لایەنی دەسەڵات ئامادەکاریی هەیە، بەڵام ئێمەش ئامادەکاریی خۆمان هەیە."
 
سەبارەت بە رۆڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، پەروین بوڵدان رایگەیاند، دوایین جار رۆژی 3ی تشرینی دووەم چاویان پێی کەوتووە، ئۆجەلان وەک "ئەکتەرێک" دەرکەوتووە کە "بەرپرسیارێتیی خۆی لەئەستۆ گرتووە و ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەری خستووەتەڕوو."
 
وەک بوڵدان باسی کرد، پەیامی ئۆجەلان روونە و لە دیدارەکاندا دەڵێت، "چیدی کاتی تووندوتیژی، شەڕ و چەک نییە؛ بەڵکو کاتی سیاسەت، گفتوگۆ، دانوستاندن و ئاشتییە. هاوکات جەخت دەکاتەوە لەوەی پێویستە هەمووان دان بە ماف و داهاتووی گەلی کورددا بنێن."
 
بوڵدان رەخنەی لە پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) گرت کە ئامادە نییە بەشداری لەو شاندەدا بکات کە بڕیارە سەردانی ئیمراڵی بکات و گوتی، "ئەو هەڵوێستەی جەهەپە بە دروست نازانین. مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد نابێت بەم شێوەیە بێت. ئاشتی پرسێکە لە سەرووی سیاسەتەوەیە و پێویستە هەمووان رۆڵی تێدا بگێڕین."