نوێنەری مەسەدە لە واشنتن: ئەمریکا 400 سەرباز لە سووریا دەهێڵێتەوە

نوێنەری ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) لە واشنتۆن رایدەگەیێنێت، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا تەکتیکییە و 400 سەرباز دەهێڵنەوە، سەربازەکان بەسەر بنکەی نوێی سەربازی دابەش دەکرێن.

نیسان 21, 2025 - 09:52
نوێنەری مەسەدە لە واشنتن: ئەمریکا 400 سەرباز لە سووریا دەهێڵێتەوە

لەبارەی گفتوگۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ تورکیا، نوێنەری مەسەدە ئاماژەی بەوە کرد، زۆر لەمێژە داوای گفتوگۆمان لەگەڵ تورکیا کردووە بۆ راگرتنی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی هەسەدە. "ئامانجمان گەڕاندنەوەی ئارامی و سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە."

ئەمڕۆ دووشەممە 21ـی نیسانی 2025، بەسام ئیسحاق، نوێنەری مەسەدە لە واشنتۆن، میوانی نووڕۆژی رووداو بوو و لەگەڵ نالین حەسەن گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشهاتەکانی تایبەت بە رۆژئاوای کوردستان و سووریا کرد.

 ئەمریکا سەرباز دەهێڵێتەوە

 بەسام ئیسحاق لەبارەی بە کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا رایگەیاند، لە سەرەتاوە ئەمریکا رایگەیاندبوو، مانەوەی هێزەکانیان لە سووریا کاتین، بەڵام پلانەکانیان بەگوێرەی پێشهاتە مەیدانییەکان گۆڕانکارییان بەسەردا دەهات. پرسی کشانەوە و کەمکردنەوەی هێزەکانی ئەمریکا ئێستا لەسەر خواستی دۆناڵد ترەمپە و پەیوەندی بە سووریاوە نییە، بەڵکو ئەوە سیاسەتی گشتگیری ئیدارەی نوێی ئەمریکایە بۆ کەمکردنەوەی قەبارەی هێزەکانیان لە هەموو جیهان. نوێنەری مەسەدە لە واشنتۆن راشیگەیاند، هەرچەندە هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا کەمبکرێتەوە لە 400 سەرباز کەمتر ناکرێت. "کشانەوەکان قۆناخ بە قۆناخ دەکرێت و گۆڕانکاری لە قەبارە و پێگەکانیان دەکرێت."

بەپێی ئەو زانیارییانەی ئیسحاق باسی کردن، ئەمریکییەکان دوو بنکەی نوێ دەکەنەوە، یەکەمیان لە باکووری سووریا دەبێت لە نزیک بەنداوی تشرین. بنکەیەکی دیکەش لە سنووری نێوان عێراق و سووریا لە بەشی باشووری رۆژئاوا دەبێت لە نزیک دێرەزوور. بەسام ئیسحاق باسی لەوەشکرد، سەرباری پشتیوانیکردنی ئەمریکا بۆ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی هەسەدە، هەروەها هاتنەکایەی دۆخێکی نوێ لە سووریا بە نەمانی رژێمی ئەسەد، بەڵام ئەمریکا بەرژەوەندیی جیۆسیاسی هەیە کە راستەوخۆش پەیوەندی بە ئاسایشی هەرێمییەوە هەیە، بۆیە "بەهیچ شێوەیەک 100٪ هێزەکانیان ناکشێننەوە."

 ئێستا خواستێکی سووری و نێودەوڵەتیش هەیە بۆ رێککەوتنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هەسەدە لەگەڵ حکومەتی نوێی دیمەشق بەتایبەت لە پرسی تێکەڵکردنی هێزەکانی هەسەدە لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی دیمەشق. لەبارەی دانوستاندن و گفتوگۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ تورکیا بۆ هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە، نوێنەری مەسەدە رایگەیاند، "دوای نەمانی رژێمی ئەسەد، ئێستا دەرفەت هەیە بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشەیە، تاوەکو چاوەکان لە بونیاتنانی دەوڵەتێک بێت کە هەمووان لەخۆبگرێت. ئاشتی باڵ بکێشێت بەسەر تەواوی سووریا."

نوێنەری واشنتن نەیویست زانیاریی نوێ لەبارەی گفتوگۆ و دانوستاندنی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لەگەڵ تورکیا بدرکێنێت، بەڵام رایگەیاند، خواستی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە، هاوکات خواستی ئەمریکایە، حکومەتی سووریاش هان دەدات بۆ ئەوەی باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا ئارام و سەقامگیر بێت.

سەرچاوە: ڕووداو