سری سورەییا ئۆندەر کۆچی دواییکرد
سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەرلەمانتاری دەم پارتی کە هاوکات شاندی دەم پارتی بوو بۆ دیدارەکانی ئیمرالی، کۆچی دوایی کرد.

دوای 18 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی ئیستەنبووڵ، سری سورەییا ئۆندەر کاژێر 4.10ـی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 3-5-2025 کۆچی دوایی کرد و نەخۆشخانەکەش لە راگەیێندراوێکدا ئەوەی پشتڕاستکردەوە. نەخۆشخانەکە لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، ئۆندەر بەهۆی لاوازبوون و لەکارکەوتنی بەشێک لە ئەندامەکانی جەستەی، بەرگری نەما و گیانی سپارد.
سری سورەییا ئۆندەر، شەوی سێشەممە 15ـی نیسانی 2025 تەندروستیی تێکچوو، دواتر دەرکەوت تووشی پچڕانی شاخوێنبەری دڵی بووە. ئەو کات پزیشکان رایانگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە شاخوێنبەری دڵی پچڕاوە و پاشانیش جەڵتە لێی داوە. هەر لە سەرەتاوە دەیانگوت: "وەڵامدانەوەی نەخۆشەکەمان بۆ چارەسەرییەکان کەمە، ئاوسانی مێشکی بەردەوامە و مەترسییەکانی سەر ژیانی تادێت روو لە زیادبوونە".
سری سورەییا ئۆندەر کێیە؟
- ساڵی 1962 لە پارێزگای سەمسووری باکووری کوردستان لە خێزانێکی تورکمان لەدایکبوو.
- لە کۆلێژی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندی و تاوەکو قۆناخی دوو بەردەوام بوو.
- - وێڕای ئەوەی سیاسەتڤان بوو، کاری رۆژنامەڤانی، دەرهێنانی فیلم، سیناریۆنووسینیشی دەکرد؛ هاوکات لە چەندین فیلمیشدا وەک ئەکتەر رۆڵی بینیبوو.
- - رۆڵی گرنگی لە پرۆسەی چارەسەریی 2013 - 2015 لە تورکیا هەبوو و ئەم ساڵیش سەرۆکی شاندی دەم پارتی بۆ دیدارەکانی ئیمراڵی بوو
- - لە هەڵبژاردنی 2015ـی پەرلەمانیی تورکیادا لەسەر لیستی پارتی دیموکراسیی گەلان (هەدەپە) خۆی بەربژێر کرد و بووە پەرلەمانتاری پارتەکە لە بازنەی ئەنقەرە
- - لە دوایین هەڵبژاردنـی 2023ـی پەرلەمانیی تورکیادا بووە پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی ئیستەنبووڵ
- - بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی بوو
سەرچاوە: ڕووداو