ئەردۆغان، پرۆسەی ئاشتی هەنگاوی بوێرانەی بەخۆوە بینیوە
سەرۆک کۆماری تورکیا، لە کاتی گەڕانەوەی لە سەردانەکەی بۆ کازاخستان، ڕایگەیاند'' پڕۆسەی ئاشتی لە ماوەی ١٨ مانگی ڕابردوودا هەنگاوی بوێرانەی بەخۆوە بینیوە و لە ئێستاشدا دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی (میت) بە چڕی کار بۆ خێراکردنی پڕۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکات، بە ئامانجی گەیشتن بە تورکیایەکی بێ تیرۆر و بەهێزکردنی برایەتی نێوان ٨٦ ملیۆن هاووڵاتی وڵاتەکە.''
رەجەب تەیب ئەردۆغان، ئاماژەی بەوە کرد کە پەرلەمان کۆمیسیۆنێکی تایبەتی بۆ دیموکراسی و برایەتی دامەزراندووە و نەخشەڕێگایەکی نوێیان لەسەر بنەمای کۆدەنگی نیشتمانی ئامادە کردووە.
هۆشداریشی دا کە هەندێک لایەن دەیانەوێت تەگەرە بۆ پڕۆسەکە دروست بکەن، بەڵام حکومەتەکەی بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی مێژوویی هەموو ئاستەنگەکان تێدەپەڕێنێت.
سەبارەت بە چاکسازییە یاساییەکانیش، ئەردۆغان ئاشکرای کرد کە ئامادەکارییەکان بۆ نووسینەوەی دەستوورێکی نوێی مەدەنی و گشتگیر تەواو بوون و ئەمەش وەک پێویستییەکی حەتمی سەردەمەکە دەبینێت بۆ ئەوەی چیتر سیستەمی سیاسی داواکارییەکانی گەل پشتگوێ نەخات.
ئەم پێشکەوتنانە دوای ئەوە دێن کە پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠٢٤ بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستی پێکرد، و لە درێژەی ئەو هەوڵانەدا عەبدوڵا ئۆجەلان لە شوباتی ٢٠٢٥ داوای هەڵوەشاندنەوەی پەکەکەی کرد. لە وەڵامدا، پەکەکە لە ئایاری ٢٠٢٥ بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوەی دا و لە تەممووزی هەمان ساڵدا گروپێکی گەریلا چەکەکانیان دانا و لە تشرینی یەکەمیشدا کشانەوەی تەواوەتی خۆیان لە تورکیا ڕاگەیاند.
هاوکات لە نوێترین هەنگاویشدا، کۆمیسیۆنی دیموکراسی و برایەتی ڕاپۆرتی کۆتایی خۆی پەسەند کرد، هەرچەندە ڕاپۆرتەکە بەهۆی خستنەدووی پرسی کورد لە چوارچێوەی "تیرۆر"دا، ناڕەزایەتی لایەنە کوردییەکانی لێکەوتووەتەوە.