ترەمپ: رەنگە لەگەڵ حەماس هەواڵی خۆشمان لەبارەی غەززە هەبێت

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، پێشبینی دەکات لەگەڵ حەماس لە چەند رۆژی داهاتوودا "هەواڵی خۆش"یان لەبارەی غەززەوە هەبێت.

ئارەی 26, 2025 - 10:48
ترەمپ: رەنگە لەگەڵ حەماس هەواڵی خۆشمان لەبارەی غەززە هەبێت

رۆژی یەکشەممە بە کاتی ئەمریکا (بەرەبەیانی دووشەممە بە کاتی هەولێر) دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە فڕۆکەخانەی مۆریستاون لە ویلایەتی نیوجێرزی بە رۆژنامەڤانانی گوت، "سەیر دەکەین بۆئەوەی بزانین چیمان پێدەکرێت بۆ وەستاندنی جەنگ" لە غەززە.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، "قسەمان لەگەڵ ئیسرائیل کردووە و دەمانەوێت بزانین ئایا دەتوانین بە زووترین کات ئەم دۆخە هەمووی بوەستێنین یان نا."

بەگوێرەی میدیای ئەمریکی، ئیدارەی ترەمپ گوشار لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەکات جەنگ بوەستێنێت، گوایە ترەمپ لە درێژەکێشانی جەنگ "تووڕەیە."

سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، ئیدارەی ترەمپ لە رێی بەشارە بوحبوح، بازرگانی ئەمریکیی بە رەچەڵەک فەلەستینییەوە دەستی بە گفتوگۆ لەگەڵ حەماس کردووە.

 واشنتن لە هەوڵدایە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەستپێبکاتەوە، بۆئەوەی دیل و بەندکراوان ئاڵوگۆڕ بکەن و شەڕ بوەستێنن، ئەوەش لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەک کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەرکردایەتیی هەوڵەکان دەکات.

 سەرچاوە دیپلۆماسییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، واشنتن داوای لە ئیسرائیل کردووە، تووندکردنی جەنگەکەی دوا بخات و رێگە بە گەیشتنی یارمەتیی مرۆیی زیاتر بە کەرتی غەززە بدات، بۆ ئەوەی کەشێکی گونجاو بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان دروستبێت، بەڵام ئیسرائیل رۆژانە لە هێرشە خوێناوییەکانی بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامە.

 بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، شاندێکی ئیسرائیلی بگاتە قاهیرەی پایتەختی میسر بۆئەوەی دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکان تاوتوێ بکەن.

 ئەمریکییەکان هەوڵ دەدەن رێککەوتنێکی گشتگیری قۆناخ بە قۆناخ لەنێوان ئیسرائیل و حەماسدا بەدیبێت. پلانەکە بە ئازادکردنی بەشێکی بارمتە ئیسرائیلییەکان دەستپێدەکات و لە قۆناخەکانی دواتردا جەنگ دەوەستێنرێت و حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد دەکات.

ئیسرائیل داوا دەکات حەماس هەموو بارمتەکان ئازاد بکات، چەکەکەی دابنێت، سەرکردەکانی غەززە جێبهێڵن و هیچ رۆڵێکی لە داهاتووی سیاسیی کەرتەکەدا نەبێت.

سەرچاوە: ڕووداو