نێچیرڤان بارزانی: شۆڕشی گوڵان نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک بۆ رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری

لە یادی 49 ساڵەی شۆڕشی گوڵاندا جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک کە بۆ رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری، ھەرگیز کۆڵی نەدا."

ئارەی 26, 2025 - 10:42
نێچیرڤان بارزانی: شۆڕشی گوڵان نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک بۆ رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری

نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە ئەمڕۆ دووشەممە 26ی ئایار بڵاویکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە شۆڕشی گوڵاندا گەلی کوردستان دووبارە سەلماندی کە لەپێناو پاراستنی بوون و ئازادیی خۆیدا، بۆ ھەموو قوربانیدانێک ئامادەیە."

 جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، "با یادی شۆڕشی گوڵان ھاندەری زیاترمان بێت بۆ تەبایی و پێکەوەیی، تا بە کاری ھاوبەش و ھاریکاری، بەرەو داھاتوویەکی باشتر ھەنگاو بنێین."

 دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان:

 لە کاتێکدا ئەمڕۆ یادی 49 ساڵەی ھەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵان دەکەینەوە، بە رێز و شکۆدارییەوە شەھیدانی نەمر و ھەموو ئەو قارەمان و جوامێرانە بەبیردەھێنینەوە کە لەم شۆڕشە مەزنەدا گیان و خوێنیان لەپێناو ئازادیدا بەخشی.

 شۆڕشی گوڵان وەکو درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە رابەرایەتیی بارزانیی نەمر، نموونەیەکی بێ وێنە بوو لە ئیرادەی گەلێک کە بۆ رەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری، ھەرگیز کۆڵی نەداوە. لە شۆڕشی گوڵاندا گەلی کوردستان دووبارە سەلماندی کە لەپێناو پاراستنی بوون و ئازادیی خۆیدا، بۆ ھەموو قوربانیدانێک ئامادەیە.

 لەم یادەدا دووپاتی دەکەینەوە کە ئەرکی ھەموومانە میراتی شەھیدان و فیدراڵی و دەستکەوتە دەستوورییەکانی بپارێزین و بە یەکڕیزی و ھاوکاری درێژە بە ڕێگەی ئەوان بدەین. با یادی شۆڕشی گوڵان ھاندەری زیاترمان بێت بۆ تەبایی و پێکەوەیی، تا بە کاری ھاوبەش و ھاریکاری، بەرەو داھاتوویەکی باشتر ھەنگاو بنێین.

 بەرز و شکۆدار بێت یادی شۆڕشی گوڵان، دروود بۆ گیانی پاکی شەھیدان، سڵاو لە ھەموو پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.

نێچیرڤان بارزانی

26ی گوڵانی 2025

سەرچاوە: ڕووداو