فراکسیۆنی پارتی: ئەوەی دژی جووتیارانی کورد کراوە جێگای قبووڵکردن نییە

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق جەخت دەکاتەوە، زەوییەکانی سنووری کەرکووک بە یاسا بۆ جووتیاران گەڕاونەتەوە و ناکرێت سوپا ڕێگرییان لێبکات و تەعەدا لە خەڵک بکات، چونکە دەستوور ڕێگە بەوە نادات، هاوکات مافی خۆشیانە زەوییەکانی خۆیان بەکار بێنن. د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئێمە لە پەرلەمانی عێراق ھەموو ھەوڵێکمان دا و یاسای گەڕاندنەوەی موڵک بۆ خاوەنەکانیان پەسەند کرا و سەرۆککۆماری عێراقیش واژۆی کردووە و ئێستا بووەتە یاسا و پێویستە سەرجەم زەویی خەڵکی کەرکووک بۆ خاوەنەکانیان بگەڕێتەوە، چونکە بە یاسا ئەوە مافی ئەوانە و ناکرێت سوپا بۆ ڕێگریکردن لە جووتیاران بەکار بھێندرێت و مافی خۆیانە زەوییەکانی خۆیان بەکار بێنن. سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختیش دەکاتەوە، ئێمە داکۆکیی تەواو لە مافی جووتیاران دەکەین و ئەوەی لە کەرکووک دژی جووتیارانی کورد کراوە، جێگای قبووڵکردن نییە و ئێمە ھەوڵی جیددی دەدەین بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێت و جووتیارانیش بگەنە مافی خۆیان، چونکە ناکرێت سوپا دژی خەڵکی سڤیل بەکار بێنن، لەبەر ئەوەی بە یاسا ئەو زەویانە بۆ جووتیاران گەڕاوەتەوە و ئەوە موڵکی خۆیانە، بۆیە داوا لە سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەین بە زووترین کات بێتە سەر هێڵ و چیتر ڕێگە نەدرێت سوپا دژی جووتیاران بەکار بێت. سەبری دەشڵێت، ئەوەی کراوە ستەمێکی گەورەیە لە جووتیاران و ناکرێت حکوومەت لە ئاست ئەو تەعەداکردنە لە خەڵکی کورد و جووتیاران بێدەنگ بێت و پێویستە ئەوانەی تەعەدایان لە جووتیاران کردووە، بگەنە سزای خۆیان و بەپێی یاساش مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، بۆیە داواکارین ئەو کێشەیە بە یەکجاری چارەسەر بێت و چیتر دووبارە نەبێتەوە، چونکە بەپێی دەستوور نابێت سوپا تەعەدا لە خەڵک بکات و لە کاری سیاسی تێوە بگلێت.