سعودیە؛ گەڕانەوە لە گۆشەگیرییەوە بۆ نێوبژیوانیکردنی ئەمریکا و رووسیا

سعودیە کە لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا وەک وڵاتێکی پەراوێزخراو خۆی دەبینییەوە، جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو بازنەی دیپلۆماسی، لەپێناو بەدیهێنانی رێککەوتنێکی وەرچەرخێن، نێوەندگیریی لە نێوان رووسیا و ئەمریکادا دەکات و میوانداریی لووتکەی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی لە بارەی دۆخی غەززەوە دەکات.

شوبات 18, 2025 - 14:06
سعودیە؛ گەڕانەوە لە گۆشەگیرییەوە بۆ نێوبژیوانیکردنی ئەمریکا و رووسیا

سعودیە کە لە سەردەمی ئیدارەی پێشووی ئەمریکا وەک وڵاتێکی پەراوێزخراو خۆی دەبینییەوە، جارێکی دیکە گەڕایەوە نێو بازنەی دیپلۆماسی، لەپێناو بەدیهێنانی رێککەوتنێکی وەرچەرخێن، نێوەندگیریی لە نێوان رووسیا و ئەمریکادا دەکات و میوانداریی لووتکەی سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی لە بارەی دۆخی غەززەوە دەکات. ئەمڕۆ (سێشەممە) لە سعودیە، بەرپرسانی ئەمریکا و رووسیا بە ئامانجی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان و دانانی بناخەی دانوستاندنەکانی جەنگی ئۆکراینا کۆبوونەوە، ئەمە بە گەشانەوەی رووی دیپلۆماسیی سعودیە دادەنرێت. بەرپرسانی ئەمریکا و رووسیا لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەسازی بۆ کۆبوونەوەی لووتکە لەنێوان دوو بەهێزترین پیاوی جیهان؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمیر پووتینی هاوتا رووسییەکەی دەکەن. عەلی شیهابی، راوێژکاری حکومەتی سعودیە دەڵێت "ئەمە وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ سعودیە. دوو زلهێز دێنە ریاز تاوەکو ناکۆکییەکانیان چارەسەربکەن. ئەمە جێگەی شانازییە و سەلمێنەری نەرمەهێزی شانشینەکەمانە." دوای ئەوە، رۆژی هەینی ریاز میوانداریی لووتکەیەکی عەرەبی دەکات، کە بڕیارە تێیدا سەرکردەکان گفتوگۆ لەسەر وەڵامێک بۆ پێشنیازەکەی ترەمپ سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی کەرتی غەززە و راگواستنی زۆرەملێی زیاتر لە دوو ملیۆن دانیشتووی بکەن. سەرکردەکانی 6 وڵاتی ئەندام لە ئەنجوومەنی هاریکاری عەرەبی، میسر و ئوردن لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبن. ترەمپ پێشنیازی کردووە میسر و ئوردن ببنە نشینگەی داهاتووی فەلەستینییەکان. گەڕانەوەی رووناکییەکان بۆ سەر ریاز دوای ئەوە هات کە قەتەر، دراوسێ نەوتدارە دەوڵەمەندەکەی سعودیە وەک نێوەندگیر رۆڵی لە بەدیهێنانی ئاگربەستێکی زەحمەت، بەڵام لەرزۆک بۆ وەستاندنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس بینی. سعودیە هەورازێکی سەختی بڕی تاوەکو گەڕایەوە نێو گۆڕەپانی دیپلۆماسی، دوای ئەوەی بەهۆی کوشتنی رۆژنامەڤان جەمال خاشوقچی لە ساڵی 2018 لە تورکیا، تووشی داڕمانی دیپلۆماسی بوو. "گۆشەگیری" رەبحە سەیف، توێژەر لە ناوەندی ئەهرام بۆ لێکۆڵینەوە سیاسی و ستراتیژییەکان لە قاهیرە دەڵێت، "سعودیە توانیویەتی سوود لە ناکۆکی و ناتەبایی نێوان رۆژئاوا و رووسیا لە قەیرانی ئۆکراینادا ببینێت، بە دیاریکراوی لە بواری نەوتدا بێ ئەوەی هیچیەک لە هاوپەیمانەکانی لەدەستبدات، چ ئەوانەی رۆژئاوا بن، یان رووسی." خانمە لێکۆڵینڤانەکە هەروەها دەڵێت "ئەمە وایکرد سعودیە لەو گۆشەگیرییە رزگاریبێت، کە لە دوای بابەتی خاشوقچییەوە بەسەریدا سەپێنرابوو." سعودیە، بە درێژایی مێژووی خۆی هاوپەیمانی ئەمریکا بووە، لە جەنگی ئۆکراینادا خۆی لە لایەنگیریکردن بەدوورگرت. گەورەترین هەناردەکاری نەوتی خاوی جیهان، لە بواری وزەدا پەیوەندیی گەرموگوڕی لەگەڵ رووسیا هەیە، لە هەمان کاتدا بەڵێنی داوە ملیۆنان دۆلار وەک یارمەتیی مرۆیی بە ئۆکراینا بدات. لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا لە ساڵی 2022، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا چەند جارێک سەردانی سعودیەی کردووە، دیارترینیان لە ماوەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی بوو لە ئایاری 2023. لە ئەیلوولی ساڵی 2022، سعودیە نێوەندگیریی لەنێوان هەردوو لای جەنگەکەدا کرد بۆ ئەوەی ژمارەیەک شەڕکەری بیانی کە رووسیا لە ئۆکراینا بە دیل گرتبوونی، ئازابکرێن، لەنێویاندا دوو ئەمریکی و پێنج بەریتانی. لە ئابی 2023، شانشینەکە میوانداریی دانوستاندنەکانی جەنگی ئۆکراینای کرد، کە زیاتر لە 40 وڵات تێیدا بەشدار بوون، وێڕای ئەوەی رووسەکان ئامادەی نەبوون. "لایەنێکی گرنگ" کۆبوونەوەی بەرپرسانی ئەمریکا و رووسیا دوای سێ ساڵ لە پچڕانی تەواوەتیی پەیوەندییەکانیان دێت. رۆژی دووشەممە، سەرکردەکانی ئەورووپا لە پاریس کۆبوونەوە بۆ ئەوەی ستراتیژیی خۆیان سەبارەت بە ئۆکراینا دیاریبکەن. بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممەش، زیلینسکی بگاتە تورکیا. هەر لە رۆژی دووشەممە، لە ریاز، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە؛ مایک وۆڵتز، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشین و خاوەن قسەی یەکەم و کۆتایی سعودیە کۆبوونەوە. هەروەها کرێملن رایگەیاند، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوە و یوری یووشاکۆڤ، راوێژکاری دیپلۆماسیی پووتین نێردراونەتە ریاز بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکییەکان کۆببنەوە. عومەر کەریم، پسپۆڕی سیاسەتی دەرەوەی سعودیە دەڵێت، کۆبوونەوەی نێوان دوو لایەکە "لە روانگەی سعودیەوە گرنگییەکی گەورەی هەیە، چونکە پێگەی وڵاتەکە لە دیپلۆماسیی جیهان بەرزدەکاتەوە و دەیکاتە لایەنێکی جیهانیی خاوەن بەرپرسیاریێتی بۆ بەشداریکردن لە بەدیهێنانی ئاشتیی جیهان." دەشڵێت "ئەم کۆبوونەوەیە پێشانیدەدات سەرکردایەتیی سعودیە و بە دیاریکراوی محەممەد بن سەلمان پەیوەندییەکی زۆر دۆستانە و کەسییانەی لەگەڵ هەردوو سەرۆک ترەمپ و پووتین دروستکردووە." سەرچاوە: ڕووداو