پەیامی شاندی ئیمراڵی لە سلێمانییەوە بۆ هەر چوار پارچەی کوردستان
شاندی ئیمراڵی لە سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کۆبوونەوە، دواتر رایانگەیاند هەمووان پشتگیری لە پرۆسەی ئاشتی دەکەن و "پێویستە گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان، دڵخۆش بن."

کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (دەبەپە) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لەسەر مەزارگەی مام جەلال، ئەمڕۆ (سێشەممە، 18-2-2025) بە ناوی شاندەکەی ئیمراڵی قسەی کرد و ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی ئاشکرا کرد. بایندر گوتی "پەیامی رێزدار ئۆجەلانمان گەیاندە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان." بە گوتەی ئەو، کۆبوونەوەکەیان نزیکەی کاژێرێک و نیوی خایاندووە و "دیداریکی زۆر بە بەهامان کرد، گفتوگۆمان لەسەر پاشەڕۆژی گەلی کورد و پاشەڕۆژی رۆژەڤی ئاشتی بۆ گەلی کورد لە تورکیا و باکووری کوردستان بوو." شاندەکەی ئیمراڵی سوپاس و "منەتباری قوباد تاڵەبانی و بافڵ تاڵەبانین" لەبەرامبەر پشتگیرییەکانیان، وەک هاوسەرۆکەکەی دەبەپە رایگەیاند. هەروەها دەڵێ "با گەلی ئێمە لە هەر چوار پارچەی کوردستان دڵیان ئاسوودە بێت، کە ئەمڕۆ هەموو ئاکتۆرەکانی ئێمە لەو دیدارانەمان دا بە دڵخۆشی و برایەتی و هەموو هێز و توانایانەوە پشتگیریی لە پرۆسەی ئاشتی دەکەن، بۆیە زۆر دڵخۆشین بە ئەنجامی ئەو کۆبوونەوانەمان." شاندی ئیمراڵی لەبارەی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی لە باکووری کوردستان و تورکیا لە هەرێمی کوردستانن. رۆژانی 16 و 17ـی ئەم مانگە لە هەولێر لەگەڵ لە سەرۆک بارزانی و، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە. شاندەکە پێکهاتبووە لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، سری سورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، گوڵجان کاچماز ساییغیت، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە وان، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە ئامەد، کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان (بەدەپە) و شاندێک لە پارێزەرانی ئۆجەلان. لەدوای گەیشتنیان بە هەرێمی کوردستان، شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک بارزانی بوو، کە کاژێر و 45 خولەکی خایاند. دەم پارتی رایگەیاند لە کۆبوونەوەکەدا "سەبارەت بە دیدارەکانی پێشوو لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، زانیارییان بە سەرۆک بارزانی دا." بارەگای بارزانیش لە راگەیێندراوێکدا گوتی سەرۆک بارزانی "جەختی لە بایەخی پرۆسەی ئاشتی وەك تاكە رێگەی دروست بۆ گەیشتن بە چارەسەری كردەوە" و، بە پێویستی زانی "هەموولایەک هەوڵی خۆیان لەوەدا چڕبكەنەوە كە پرۆسەی ئاشتی بگاتە ئەنجام." لەدوای کۆبوونەوەش لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، شاندی ئیمراڵی رایانگەیاند "کۆبوونەوەکانمان زۆر ئەرێنی بوون، بۆیە مزگێنی دەدەینە خەڵکی خۆمان و خەڵکی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە پێشخستنی پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی." سەرچاوە: ڕووداو