ئەمڕۆ سەرۆککۆماری عێراق واژۆ لەسەر یاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆککۆماری عێراق واژۆ لەسەر یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە بکات

سەرچاوەیەک لە سەرۆکایەتی کۆماری عێراق بە رووداوی راگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆککۆمار واژۆ لەسەر یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە دەکات. رووداو زانیویەتی ئەمڕۆ سێشەممە کاژێر 11:00 نیوەڕۆ عەبدولەتیف رەشید سەرۆکۆماری عێراق لە کۆشکی بەغدا بەفەرمی واژۆکردنەکە رادەگەیەنێت دواتر لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراق بەفەرمی بڵاودەبێتەوە، بەمەش هەڵەبجە دەبێتە چوارەمین پارێزگای هەرێمی کوردستان و نۆزدەیەمین پارێزگای عێراق.
رۆژی یەکشەممە، 27-04-2025، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پۆستێکدا لە هەژماری فەیسبووکی خۆی رایگەیاند: "ئەمڕۆ یاسای بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەمان رەوانەی سەرۆکایەتیی کۆمار کرد".
رۆژی 14ی نیسانی 2025 پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی پەسندکرد. هەوڵەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە 12 ساڵ لەمەوبەر دەستیانپێکرد؛ 24ـی کانوونی یەکەمی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان، رەشنووسی پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەی کە لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکرابوو، بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد. نێچیرڤان بارزانی لە نووسراوەکەدا داوای کرد هەڵەبجە وەک پارێزگای ژمارە 19ی عێراق بناسێندرێت.
هاوپێچ لەگەڵ نووسراوەکەدا، نێچیرڤان بارزانی دەقی رەشنووسی پڕۆژەیاسای هێنانەکایەی پارێزگای هەڵەبجەی بۆ نووری مالیکی نارد. تەنیا هەفتەیەک دوای نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی و لە 31ـی کانوونی یەکەمی 2013دا ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاری ژمارە 568ـی ساڵی 2013ی بە دوو خاڵ بڵاوکردەوە و یەکێکیان رەزامەندیدان بوو لەسەر نووسراوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی هەڵەبجە بکرێتە پارێزگا.
پرسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە عێراق نزیکەی 10 ساڵ وەستێندرا تاوەکو لە 13ی ئاداری 2023دا ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەممەد شیاع سوودانی رەشنووسی بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەى پەسند کرد و ناردییەوە بۆ پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەری. دوو خوێندنەوە بۆ رەشنووسی پڕۆژەیاساکە کرا، بەڵام بە گەیشتنی بە قۆناخی دەنگدان، پەکی کەوت.
تاوەکو رۆژی 14-04-2025 پرۆژەیاساکە پەسندکرا. بەپێی خەمڵاندنی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای هەڵەبجە ئەم ساڵ دەگاتە 125 هەزار کەس.
سەرچاوە: ڕووداو