وەزارەتی ئەوقاف: سەرجەم حاجییانی هەرێمی کوردستان گەڕانەوە
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف دەڵێت، هەموو حاجییانی هەرێمی کوردستان گەیشتنەوە ماڵەوە. باسی لەوەش کرد: "ئەم ساڵ تەنیا یەک حاجی گیانی لەدەستدا."

رۆژی سێشەممە، 17ـی حوزەیرانی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەرەڕای هەبوونی کێشە و گرفت لە گەڕانەوەی حاجییان بە رێگەی ئاسمانی بەھۆی ئاڵۆزیی ناوچەکە، لەسەر بڕیاری مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستان و هاوئاهەنگیی د. پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی، رێگەی ئاسان بۆ گەڕانەوەیان گیرایەبەر و توانرا سەرجەم حاجییانی کوردستان کە ژمارەیان 5135 حاجی بوو، بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
بە گوتەی نەبەز ئیسماعیل، ئەمڕۆ دواین کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان و پرۆسەی حەجی ئەمساڵ کۆتاییهات. گوتیشی: "حەجی ئەم ساڵ نموونەی حەجی سەرکەوتوو بوو، لە هەموو بوارەکانی خۆراک، خواردنەوە، مانەوەی حاجییان و مینا." گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف گوتی: "تەنیا یەک حاجی خەڵکی زاخۆ گیانی لەدەستداوە."
ئەم ساڵ ئەوانەی بە رێگەی وشکانی بۆ رێوڕەسمەکانی حەج چوونەتە سعودیە، هەزار و 667 هاونیشتمانی بوون و ئەوانەشی بە گەشتی ئاسمان چوون سێ هەزار و 490 کەس بوون.
12ی حوزەیران یەکەم کاروانی حاجیانی هەرێمی کوردستان لە سعودیە گەڕانەوە هەرێمی کوردستان. بڕیار بوو 14ی هەمان مانگ گەشتی ئاسمانی بۆ گەڕانەوەی حاجییان دەست پێبکات، بەڵام دوای شەڕی ئیسرائیل و ئێران، ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بڕیاردرا هەموو حاجییان بە رێگەی وشکانی بگەڕێندرێنەوە.
16ـی ئایار، یەکەم کاروانی زیارەتکارانی رێوڕەسمەکانی حەج لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی وشکانی بەرەو سعودیە بەڕێکەوت و یەکەم گەشتی ئاسمانییش 19ـی هەمان مانگ بەرەو ئەو وڵاتە بەڕێکەوت.
سەرچاوە: ڕووداو