شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات
بڕیارە شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و وادەی رادەستکردنی.
تۆڕی میدیایی رووداو لە زاری دوو سەرچاوەی ئاگاداری کەرتی نەوت لە هەرێمی کوردستان زانیویەتی، کاری ئەو شاندە، هەڵسەنگاندنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و بڕەکەی و وادەی رادەستکردنی دەبێت بە کۆمپانیای سۆمۆ، بەمەبەستی هەناردەکردنەوەی.
ئەو هەنگاوە بەشێکە لەو رێکارانەی بەگوێرەی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، کە رۆژی 17ی تەممووز ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد.
بەرپرسی یەکێک لە کۆمپانیاکانی نەوت بە رووداوی گوت: "پێیان گوتووین کە شاندێکی وەزارەتی نەوت سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام رۆژەکەی دیاری نەکراوە."
یەکێک لە کارەکانی دیکەی ئەو شاندەی بەغدا، هەڵسەنگاندنی ئاستی چاککردنەوەی ئەو زیانانەیە کە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بەر هەندێک لە کێڵگەکانی نەوت کەوتوون و بۆ ئەو مەبەستە بڕیارە سەردانى چەند کیڵگەیەک بکات کە هێرش کراوەتە سەریان.
بەگوێرەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ئەو هەموارەی کە ئەم ساڵ لە پەرلەمان کرا، پێویستە هەرێمی کوردستان رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت رادەست بکات بۆ ئەوەی پشکەکەشی لە بودجە بۆ بنێردرێت، بەڵام لە رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر، بڕی 230 هەزار بەرمیل نەوت دیاری کراوە بۆ هەناردەکردن لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە، تاوەکو بەهای 16 دۆلار بدرێتە کۆمپانیاکانی نەوت بۆ بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت.
بەرپرسێکی یەکێک لە کۆمپانیاکانی دیکەی نەوت لە هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "ئێمە هەموومان کاردەکەین بۆ ئەوەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەستپێبکاتەوە، نامانەوێت قسەیەکی نوێ یان راگەیێندراوێکی نوێ بڵاوبکەینەوە. کاتێک هەموو رێککەوتنەکان یەکلایی بوونەوە، پێشبینی دەکەین حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق راگەیێندراوێک بڵاوبکەنەوە."
نێوەڕاستى ئەم مانگە شاندێکى وەزارەتى نەوت سەردانى هەرێمى کوردستانى کرد و چووە چەند کێڵگەیەکى نەوت و ئەو کاتە هەڵسەنگاندنێکى دایەوە وەزارەتەکەى بەوەى هەرێمى کوردستان تواناى بەرهەمهێنانى 80 هەزار بەرمیل نەوتى هەیە.