نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش: تائێستا 3575 کوردی ئێزدی رزگارکراون
بەگوێرەی دوایین ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش، تائێستا سێ هەزار و 575 کوردی ئێزدیی رفێندراو رزگار کراون.

حوسێن قائیدی، بەرپرسی ووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش کە نووسینگەکە سەر بە نووسینگەی تایبەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانە، ئەمڕۆ دووشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو ئەمڕۆ 325 هەزار و 197 کوردی ئێزدی لە هەرێمی کەمپەکان یان ناوچە جیاکانی هەرێمی کوردستاندان".
قائیدی ئاماژەی بەوە کرد، ئامارەکانی نووسینگەکەیان لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە باوەڕپێکراون. گوتیشی: "ژمارەی ئاوارە ئێزدییەکان کە ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستانن 135 هەزار و 860 کەسن"
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش هەروەها گوتی، ئەو ئێزدییە ئاوارانەشی لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا نیشتەجێبوون 189 هەزار و 337 کەسن.
بەگوێرەی ئاماری نووسینگەکە بۆ رووداو، تاوەکو ئەمڕۆ 93 گۆڕی بەکۆمەڵی کوردانی ئێزدی دۆزرانەوەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی تاکەکەسی.
لە هێرشی چەکدارانی داعشدا بۆ سەر شنگال و دەوروبەری لە 03ـی ئابی 2024، شەش هەزار و 417 کوردی ئێزدی رفێندران، 3 هەزار و 548 نێر و 2 هەزار و 869 مێ.
حوسێن قائیدی گوتی: "ئەوانەی تاوەکو ئەمڕۆ رزگارکراون 3 هەزار و 590 کەسن؛ هەزار و 211 ژن و 339 پیاو؛ هەزار و 76 کچی منداڵ و 964 کوڕی منداڵ".
بەگوێرەی ئاماری ئەو نووسینگەیە، تاوەکو ئەمڕۆ "تەرمی 274 شەهید دۆزرانەوەتەوە کە لەکاتی هێرشی داعشدا رفێندرابوون؛ 237 نێر و 37 مێ".
تاوەکو ئەمڕۆ 2 هەزار و 553 کەس لە کوردانی ئێزدی بێسەروشوێنن، کە هەزار و 329 نێر و هەزار و 224 مێن.
حوسێن قائیدی ئاماژەی بەوەشکرد، لەهێرشی 03ـی ئاب و رۆژانی دواتردا، چەکدارانی داعش 68 مەزار و شوێنی پیرۆزی کوردانی ئێزییان تەقاندووەتەوە.
لە هێرشی داعشدا بۆ سەر شنگال لە سێی ئابی ساڵی 2014، داعش کوردانی ئێزدیی کۆمەڵکوژ کرد و شەش هەزار و 417 کەسیشی رفاند.
1090دوای رزگاربوونیان کە پێویستیان بە چارەسەری دەروونی بووە و لە چوارچێوەی بەرنامەیەکدا کە رێککەوتنێکی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا بوو لە ساڵی 2015، نزیکەی 1090 رزگارکراو نێردرانە ئەو وڵاتە بۆ چارەسەر.
لەدوای ئەو رێککەوتنەشەوە، ژمارەیەکی دیکە لە رزگارکراوان لە رێگەی رێکخراوە مرۆییەکانەوە چوونەتە وڵاتانی کەنەدا، ئەمریکا و ئوسترالیا.
بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش گوتیشی، "ئەوانەی بۆ چارەسەری دەروونی دەچنە وڵاتانی دەرەوە، بۆ گەڕانەوە یان مانەوەیان لەو وڵاتە ئازادن، بیانەوێت دەگەڕێنەوە و نەیانەوێت دەمێننەوە."
لەبارەی چارەنووسی بێسەروشوێنانەوە، حوسێن قائیدی ئاماژەی بەوە کرد، زۆرینەیان لە سووریا و بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان و کەمپی هۆلن. گوتیشی، "بینیمان لە غەززەوە ئێزدی گەڕایەوە، بۆیە لە وڵاتانی دیکەش هەن."
سەرچاوە: ڕووداو