نرخی نەوتی برێنت بەرز دەبێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە نرخی نەوت بەردەوام بوو لە بەرزبوونەوەکانی رۆژی رابردووی خۆی.
نرخی نەوتی برێنتی دەریای باکوور لە دوای کردنەوەی بازاڕەکان ئاسیا 24 سەنتی دیکەی بەرزبووەوە و بە 70 دۆلار و 28 سەنت مامەڵەی پێوەکرا. نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 22 سەنت بەرزبووەوە و بە 66 دۆلار و 93 سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
رێککەوتنی نێوان ئەمریکا و ئەورووپا لەسەر پێناسە گومرکییەکان، رۆژی دووشەممە هەردوو نرخی نەوتی برێنت و سووکی تەکساسی بەڕێژەی 2٪ بەرزکردەوە.
چین و ئەمریکاش دوای کۆبوونەوەکەی ستۆکهۆڵم بڕیاریان داوە رێککەوتنە کاتییەکەیان لەسەر پێناسە گومرکییەکان بۆ سێ مانگی دیکە درێژبکەنەوە.
هێوربوونەوەی شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمریکا و هاوبەشەکانی، خواست بۆ کڕینی نەوت بەرزدەکاتەوە. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریداوەتە ڤلادیمیر پووتین لە ماوەی 10 تاوەکو 12 رۆژی داهاتوودا شەڕ لە ئۆکراینا رابگرێت.
هەڕەشەکەی دۆناڵد ترەمپ هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتە.
دانییەل هاینێس، شرۆڤەکاری سەر بە بانکی ئوستراڵی - نیوزلاندی لەو بارەیەوە دەڵێت، "هەڕەشەی ترەمپ لە پووتین دەتوانێت کاریگەری نەرێنی لەسەر کەرتی نەوتی رووسیا دابنێت."
سەرچاوە: ڕووداو