زانیاری لەبارەی وردبینیی لیستی مووچەی مانگی 6 و ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 7

زیاتر لە مانگێکە لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا نێردراوە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تائێستا وردبینی لیستەکەی تەواو نەکردووە. وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستانیش سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تەممووزە.

تەمووزی 29, 2025 - 10:49
زانیاری لەبارەی وردبینیی لیستی مووچەی مانگی 6 و ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 7

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی تۆڕی میدیایی رووداو لە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەستی کەوتووە، وەزارەتی دارایی عێراق وردبینیی لیستی مووچەی مانگی حوزەیرانی تەواو نەکردووە.

 ئەو لیستە لە 25ی حوزەیرانەوە لە رێگەی تیمێکی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە.

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت: "تائێستا وەزارەتی دارایی عێراق ئاگاداری نەکردووینەتەوە کە وردبینی لەو لیستە تەواو بووە و تێبینیی خۆیانی پێ نەگەیاندووین."

وەزارەتی دارایی عێراق 24ی تەممووز مووچەی مانگی ئایاری هەرێمی کوردستانی نارد، بەڵام تائێستا وادەی ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران دیار نییە، لەکاتێکدا بەرەو کۆتایی مانگی تەممووز دەچین.

سەرچاوەکەی رووداو گوتی: "ئێستا کار لەسەر ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی تەممووز دەکرێت، لەگەڵ تەواوبوونیدا رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت."