رێگەی هەولێر - بەحرکە بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە

پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی هەولێر - بەحرکە تەواوکرا. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، هێڵکاری بۆ کراوە و شۆفێران دەتوانن لە ئەمڕۆوە هاتووچۆی پێدا بکەن.

ئاب 18, 2025 - 12:59
رێگەی هەولێر - بەحرکە بەڕووی شۆفێراندا کرایەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 18-08-2025 ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا کردنەوەی رێگەی هەولێر - بەحرکەی راگەیاند، کە پێشتر بە مەبەستی قیرتاوکردن و نۆژەنکردنەوەی داخرابوو.

ئومێد خۆشناو گوتی، ''قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی بە یەکتر بەستنەوەی شەقامەکانی 100 مەتری و 120 مەتری بە ئاراستەی هەولێر بوو.'' 6ی حوزەیران رێگەی بەحرکە - هەولێر لە بەرزەپردی شەقامی 120 مەترییەوە بە ئاراستەی بەحرکە داخرا و دەست بە نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی کرا.

 بەگوتەی پارێزگاری هەولێر، قۆناخی دووەمی پڕۆژەکەش نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی بە یەکتر بەستنەوەی شەقامەکانی 120 مەتری و 150 مەتری بوو کە دەبێتەوە سووڕانەوەی یەکەم تاوەکو بەرزەپردەکەی شەقامی 150 مەتری. پڕۆژەکە نزیکەی پێنج کیلۆمەترە و گوژمەی ملیارێک و 900 ملیار دیناری بۆ جێبەجێکردنی تەرخانکرابوو.

وەک ئومێد خۆشناو ئاماژەی دا، ''بێگومان شەقامەکە جگە لەوەی شەقامێکی سەرەکیی شاری هەولێرە، رێگەی سەرەکیی بەحرکەیە و چەندین گوند و کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی دیکە بە یەکدییەوە دەبەستێتەوە.''

رێگەکە بە تەواوی هێڵکاری بۆ کراوە و شۆفێران دەتوانن لە ئەمڕۆوە هاتووچۆی پێدا بکەن. پارێزگاری هەولێر دەڵێت: ''ئەو رێگەیە دەبێتە بەشێکی دیکە لە میکانیزمی کەمکردنەوەی قەرەباڵخیی نێوشار.'' تاوەکو تەواوبوونی پڕۆژەکە، بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رێگەکانی ''هەولێر-شەقڵاوە لە شەقامی 150 مەتری، رێگەی کۆنی بەحرکە و رێگەی 150 مەتری-گەزنە بۆ بەحرکە''ـی وەک رێگەی جێگرەوە بۆ هاتووچۆی شۆفێران پێشنیازکردبوو.

 ئومێد خۆشناو لە بەشێکی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، لە سەرەتای کابینەی نۆیەمەوە بە گوژمەی دوو ترلیۆن و 300 ملیار دینار، پڕۆژە لە هەولێر جێبەجێکراون و ''بێگومان ئەم ساڵ و ساڵانی داهاتوو، ژمارەیەک لەو پڕۆژە ستراتیژییانە دەبنە بەشێکی گرنگ لە گەشەسەندنی شارەکەمان.''

سەرچاوە: ڕووداو