كۆبونەوەكەی ئەمجارەی تۆم باراك و مەزڵوم عەبدی ئەرێنی بووە

تیشڕین یەکە 23, 2026 - 01:04
كۆبونەوەكەی ئەمجارەی تۆم باراك و مەزڵوم عەبدی ئەرێنی بووە


????باراك بە مەزڵوم عەبدی وتووە دروستكردنی سێ‌ فیرقەی سەربازی بۆ هەسەدە قبوڵكراوە 
????هەسەدە پارێزگاری لە یەكگرتوویی خۆی دەكات و دەسەڵاتی ناوچە كوردییەكانيش لە دەستی كوردا دەمێنێتەوە
درەو: 
بۆ جاری دووەم جەنەڕاڵ مەزڵوم عەبدی لەگەڵ تۆم باراك، نێردەی تایبەتی ئەمریكا لە شاری هەولێر كۆبووەوە، باراك دوای كۆبونەوەكە لە سەكۆی "ئێكس" نوسی، هەموو لایەنەکان هاوڕا بوون کە هەنگاوی یەکەمی بنەڕەتی پابەندبوونی تەواوەتییە بە ئاگربەستی ئێستا، دواتریش مەزڵوم عەبدی لە نوسینێكدا رایگەیاند، لەگەڵ باراك و برارد كوپەر كۆبونەوەیەكی بونیادنەرو بەرهەمدارمان ئەنجامداوە.
كەناڵی "رووداو" لە زاری سەرچاوەكانیەوە بڵاویكردووەتەوە، كۆبونەوەكەی ئەمجارەی نێوان باراك و عەبدی ئەرێنی بووە، باراك بە پێچەوانەی كۆبونەوەكەی رابردوو، ئەمجارە پێشنیازی باشی پێبووە، بڕیارە سێ‌ فیرقەی سەربازی بۆ هەسەدە لە چوارچێوەی سوپای سوریادا دروست بكرێت و لەلایەن فەرماندە كوردەكانەوە سەركردایەتی دەكرێت، بەمەش پارێزگاری لە یەكگرتووی هێزەكانیان دەكەن، پێشتر هەسەدە ئەم دواكارییەی هەبوو بەڵام ئەحمەد شەرع رەتیكردبووەوەو جەختی كردبوو لەوەی شەڕڤانانی هەسەدە دەبێت بە تاك بچنە ناو سوپای سوریاوە.
 باراك لە كۆبونەوكەدا رایگەیاندووە، ئەو پێشنیازە قبوڵكراوەو دەسەڵاتی بەڕێوەبەردنی ناوچە كوردییەكانيش دەدرێت بە كورد بەومەرجەی كێڵگە نەوتیەكان و دەروازە سنورییەكان بدرێت بە حكومەتی دیمەشق، بەڵام دەبێت كارمەندی كورد لەناو ئەم دامەزراوانەدا دابمەزرێنن، جگە لەوەی هەسەدە بەربژێری دەبێت بۆ پۆستە باڵاكانی حكومەتی سوریا. 

سەرچاوە: درەو