هۆکاری بەرزبوونەوەی بەهای دینار بەرامبەر دۆلار چییە؟
دوێنێ بۆ یەکەم جار لەم ساڵدا، بەهای 100 دۆلار دابەزی بۆ خوار 145 هەزار دینار. شرۆڤەکارێکی دارایی دەڵێت، دۆلار لە بازاڕی جیهانیشدا 10٪ بەهای لەدەستداوە.

جەبار گۆران، شرۆڤەکاری دارایی و خاوەنی بڕوانامەی ماستەر لە کارگێری دارایی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "بەرزبوونەوەی بەهای دینار هۆکاری زۆرە؛ بۆ نموونە بانکی ناوەندیی عێراق ئێستا پێدانی حەواڵەی زۆر خێراتر کردووە، پێشتر بازرگانان کەم سوودیان لە دۆلاری بانک دەبینی، ئێستا زۆرینەیان سوودمەند دەبن".
جەبار گۆران ئاماژەی بەوەکرد، لە رابردوودا حەواڵەکردنی دۆلار بە نرخی فەرمی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە نزیکەی مانگێک کاتی پێویست بووە، بۆیە بازرگانان لە بازاڕەکاندا بە نرخی بەرزتر دۆلاریان کڕیوە، بەڵام ئێستا بە نزیکەی شەش رۆژ پارەکە وەردەگرن.
بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە نزیکەی 200 ملیۆن دۆلار بە نرخی فەرمی دەفرۆشێت، کە بۆ 100 دۆلار 132 هەزار دینار وەردەگرێت و ئەو بڕەش زۆرینەی بە حەواڵە دەنێردرێتە دەرەوە.
جەبار گۆران کە هاوکات گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانییە، گوتی: "بڕیارێکی نوێ هەیە بۆ بازرگانیی بچووک 45 بۆ 50 ملیۆن دیناریان راستەخۆ بۆ حەواڵە بکرێت، کە پێشتر دۆلار بە نرخی فەرمی بەوانە نەدەدرا، ئەوانە هەمووی خواستی لەسەر دۆلاری بازاڕەکان کەمکردووەتەوە".
یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دینار ئەوەیە. بۆ یەکەم جار عێراق بووە ئەندام لە سەکۆی ئاڵوگۆڕ (تەبادول)ـی ئیماراتی بۆ بازرگانیی ئەلیکترۆنی. د. مەزهەر محەممەد ساڵح، راوێژکاری دارایی و ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوێنی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "وڵاتەکەمان بووەتە نۆیەمین ئەندامی ئەو سەکۆ هەرێمییە پێشکەوتووە، ئەندامبوونیش لەو سەکۆیە، هەنگاوێکی ستراتیژییە بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی وڵات لە ئاستی هەرێمی و سنووری کارکردنی وەبەرهێنەرانیش فراوانتر دەکات."
بە گوتەی راوێژکارەکەی سوودانی: "بە دڵنیاییەوە ئەندامبوون لەو سەکۆیە، هێز بۆ دیناری عێراقی زیاد دەکات و وادەکات تەنیا پشت بە دۆلار نەبەسترێت بۆ وەبەرهێنان."
جەبار گۆران شرۆڤەکاری ئابووری ئاماژەی بە چەند هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەی بەهای دینار کرد و گوتی: "نزیکبوونەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، هەروەها دانوستاندنەکانی ئێران و ئەمریکاش کاریگەریی راستەخۆیان لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دینار هەیە".
جەبار گۆران باسی لەوەشکرد، "بەهای دۆلار لە پێنوێنی بازاڕەکانی جیهانیشدا 10٪ـی بەهای لەدەستداوە". بەرزبوونەوەی بەهای دراوی عێراق لەکاتێکدایە، ئێستا یەدەگی دراوی عێراق زیاتر لە 100 ملیار دۆلارە.
ڕووداو