وەزارەتی پەروەردە : (وو)مان لە کتێبی کوردی لانەبردووە

رێنووسی کتێبی کوردی نیگەرانیی بەشێک لە نووسەران و زمانزانانی لێدەکەوێتەوە. بەڕێوەبەری زمانی کوردی لە پرۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "کێشەکە لەبارەی یەک واو و دوو واوە؛ هەموو دوو واوەکانمان لانەداوە." مامۆستا و سەرپەرشتیارێکیش دەڵێت، "کتێبەکانی خوێندن زۆر جەنجاڵن، پێداچوونەوەیان دەوێت و وەزارەت بێباکە."

ايلول 30, 2025 - 16:00
وەزارەتی پەروەردە : (وو)مان لە کتێبی کوردی لانەبردووە
مامۆستا چیمەن کەریم، بەڕێوەبەری زمانی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتی پەروەردە بە رووداوی گوت، "رێنووسی کوردی ئەوە نییە کە ئیللا دەبێت بەم شێوەیە بێت و بەم شێوەیە نەبێت؛ چونکە ئێستا چەند رێبازێک و چەند قوتابخانەیەک هەن. هاوکات ئێستا هەموو شتێک بەرەو پێش و گۆڕانکاری دەڕوات و پێویستە زانستییانە بسەلمێندرێت."
 
کۆمەڵێک مامۆستا کە خۆیان بە دڵسۆزی زمانی کوردی و پەروەردە دەزانن، نامەیەکی کراوەیان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە و داوا دەکەن پێداچوونەوە بە کۆی کتێبەکانی پرۆگرامی خوێندن بکەن، هاوکات هەڵەچنییان بۆ بکرێت. ئەمەش دوای ئەوەی دەرکەوت لە پەرتووکی نوێی زمانی کوردی فۆنیمی (وو) لادراوە و کراوەتە (و).
 
بەڕێوەبەری پرۆگرام و چاپەمەنییەکان: فۆنیمی (وو)مان لانەبردووە
 
ئەو بەڕێوەبەرە لەبارەی ناڕەزایەتی و رەخنەی مامۆستایان گوتی، "لە پڕۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ کۆمەڵێک پڕۆفیسۆر و هەڵسەنگێنەری زانستی کار دەکەین؛ ئێمە فۆنیمی (وو)مان لانەبردووە، ئەو کۆمەڵە مامۆستایە هەڵە تێگەیشتوون، هاوکات ئارەزوویان لە گۆڕانکاری نییە. لە روویەکی دیکەیش مەلزەمەکانیان لەسەر چاپە کۆنەکان چاپ کردووە و نایانەوێت بیگۆڕن؛ یان بۆیان قورسە چاکی بکەن."
 
چیمەن کەریم لەبارەی دەنگ و نیگاری /وو/ بزووێنی درێژەوە دەڵێت، "ئەو فۆنیمەمان هێشتووەتەوە، بۆ نموونە ناتوانی وشەی هاووڵاتی بە یەک واو بینووسیت؛ چونکە واتای وشەکە دەگۆڕێت. هاوکات وشەی کووڕ کە بە واتای چەماوە دێت و ناتوانین بە یەک واو بینووسین. واتا لەو شوێنانەی پێویستە و واتا ناگۆڕێت، لامانبردووە، بەڵام واتا بگۆڕێت دەسکاریمان نەکردووە."
 
بەڕێوەبەری پرۆگرام و چاپەمەنییەکان: لادانی دوو (وو) بۆ یارمەتیدانی قوتابییە
 
بەڕێوبەری پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتی پەروەردە دەشڵێت، "لابردنی ئەو واوە، یارمەتیدەرە بۆ قوتابی؛ لە ریزێکدا شەش واو لابدرێت بۆ ماندووبوونی دەستی و فیکری و تێچوونی زمان یارمەتیدەرە؛ هاوکات ئەگەر واو کێشە بێت، پیتی یائیش کێشەیە، ئەی بۆچی باسی پیتی یا ناکەن؟ خۆزگە بەراوردێکی زانستییان لەنێوان کتێبە کۆن و نوێیەکەدا دەکرد، تاوەکو بزانن چەند نوێکراوەتەوە و پێشکەوتووترە."
 
مامۆستا چیمەن گوتیشی، "ئێمە پێمانوایە، سێ جۆر و هەیە، کە ئەوانیش بزوێن و نەبزوێن و نیمچە بزوێنن. ئێمە هیچیمان لانەبردووە"
 
مامۆستا چیمەن کەریم ئاماژە بەوە دەدات کە بۆچوونی زۆر جیاواز لەنێو لیژنەکەیاندا هەیە؛ دەڵێت، "هەندێک لە پسپۆڕان پێیانوایە وشەکانی دوو و خانوویش بە یەک واو دەنووسرێن؛ بێگومان ئێمە لەگەڵ ئەو بۆچوونەیان نەبووین. بەشێکیان پێیان وایە هەر دوو واو نەمێنێت و لەگەڵ ئەو بەشەش نین."
 
سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی: هەندێک دەزگا و رۆژنامە بڕوایان بە (وو) نییە
 
حەمەسەعید حەسەن، سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی بە رووداوی گوت، "لەبارەی رێنووسەوە کتێبێکمان چاپ کردووە و بەدرێژایی مێژووی ئەکادیمیان ئێمە رێککەوتووین کە (و) و (وو)هەن؛ هاوکات لە ئەلفوبێی لاتینیشدا هەن؛ بەڵام هەندێک دەزگا و رۆژنامە بڕوایان بە دوو نییە، ئێمە بڕوامان پێی هەیە و داکۆکی لەوە دەکەین کە (وو) دروستە."
 
لەبارەی چەسپاندن و پابەندکردنی دەزگاکانی حکومەتەوە، سەرۆکی ئەکادیمیای کوردی دەڵێت، "دوا کتێبمان کە چاپ و بڵاومان کردووەتەوە و پشتی بە (وو) بەستاوە؛ هاوکات بۆ دەزگاکانمان ناردووە. هاوکات کتێبەکە بۆچوونی تاکەکەس نییە و کۆتا بۆچوونی ئەکادیمیا و کۆڕی زانیاریی کوردە کە (وو) پەسند دەکات."
 
لە زمانی کوردیدا سێ جۆرە دەنگ و نیگاری (و) هەن؛ یەک  /و/ بزوێنە و کورتە؛  /وو/ بزوێنە و درێژە؛ هاوکات وێکی دیکە هەیە کە نیمچە بزوێنە، هەندێک جار بزوێنە و هەندێک جاریش نەبزوێنە. بۆ نموونە لە وشەی ئاوێنەدا نەبزوێن و لە وشەی کورددا بزوێنە.
 
سەبارەت بە پابەندکردنی وەزارەتی پەروەردە بە رێنووسی ئەکادیمیا لە پڕۆگرامەکانی خوێندن حەمەسەعید حەسەن دەڵێت، "وەزارەتی پەروەردە دەزگایەکی سەربەخۆن و پێمان خۆشە ئەگەر پابەند ببن؛ بەڵام بڕیار لای خۆیانە."
 
سەرۆکی ئەکادیمیا  گوتیشی، "هەر کەسێک گوێ لە ئەکادیمیا بگرێت، بەڕێزەوە پێشنیازی بۆ دەکەین؛ بەڵام ئەکادیمیا دەزگایەکی سەرکوتکەر نییە، بەزۆر بیسەپێنین بەسەر وەزارەتێکدا. ئەوان ئەگەر رێنوێنییەکانی ئێمە پەسند بکەن، سوپاسیان دەکەین. ئەگەر نەیکەین ناتوانین بەسەر هیچ لایەکدا بیسەپێنین.
 
مامۆستا چیمەن کەریم، بەڕێوبەری زمانی کوردی لە بەڕێوەبەرایەتیی پرۆگرام و چاپەمەنییەکانی وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، "بەنیازین لەگەڵ ئەکادیمیای کوردی لەسەر کۆمەڵێک بابەت کۆببینەوە."
 
لەبارەی پابەندبوون بە رێنووسی ئەکادیمیای کوردی، ئەو بەڕێوەبەر روونیکردەوە، "زۆر ئاساییە با بیروڕای جیاواز هەبێ و رەخنە لە پرۆگرامەکە بگرن؛ بەڵام زۆرن ئەو دەزگایانەی کە گوێ لە ئەکادیمیا ناگرن و پابەندی بۆچوونەکانیان نابن. هاوکات خوێندنی باڵایش پابەندی ئەکادیمیا نییە."
 
عەبدولڕەحمان فەرهادی: لەباتی سوپاس کێشەیان بۆ دروست کردووم
 
عەبدولڕەحمان فەرهادی، مامۆستا و سەرپەرشتیاری خانەنشین و سەرۆکی یەکێتیی نووسەران – لقی هەولێر بە رووداوی گوت، "لەمێژە خەریکی راستکردنەوەی هەڵەی جۆراوجۆری کتێبەکانی خوێندنی قوتابخانەکانم. زۆرجاریش رەخنە و راستکردنەوە و پێشنیازەکانمم، لە رۆژنامە و میدیاکان بڵاوکردووەتەوە؛ جارێکیان وەزارەتی پەروەردە لەباتیی ئەوەی سوپاسم بکات، وەک سەرپەرشتیاری پسپۆری کێشەشیان بۆ دروست کردم."
 
عەبدولڕەحمان فەرهادی یەکێکە لەو مامۆستایانەی نامەیەکی کراوەیان بۆ وەزارەتی پەروەردە نووسیوە و بڵاویان کردووەتەوە؛ دەڵێت، "بەداخەوە سەرجەم کتێبەکانی خوێندنی هەموو پۆل و قۆناخەکان پڕن لە هەڵە؛ ئەم وەزارەتە لە هەر رەخنە و راستکردنەوەیەک کە ئێمە دەینووسین بێباکە! ئەمەش بەهۆی ئەوەی کەسی شیاو لە شوێنی شیاوی خۆیان نین، نایەن سوود لە کوردیزانان وەربگرن
 
ئەو مامۆستا و سەرپەرشتیارە خانەنشینە پێیوایە، "کار و ئەرک دەدەنە کەسانی وا کە لە زمان و رێنووس و ڕستەسازیی کوردی و وەرگێڕان، دەستەپاچە و کۆڵەوارن؛ بۆیە دەبینین لە کتێبی خوێندن، لە یەک کتێبدا وشە هەیە بە سێ رێنووسی جیا نووسراوە، ئەمەش سەر لە مامۆستا و قوتابی دەشێوێنێت."