مەزڵووم عەبدی سوپاسی هەوڵەکانی سەرۆک ترەمپ و تۆم باراک دەکەم
فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس دوو پۆستی کردوە، یەکەمیان لە بارەی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی هەولێر بە ئەرێنی باسی دەکات و سوپاسی سەرۆکی ئەمریکا و نێردەکەی لە سوریا دەکات بۆ هەوڵدانیان بۆ ئاگربەست، لە لایەکی دیکەوە باسی پەیوەندیەکی تایبەتی سەرۆکی فەرەنسا دەکات.
پێنج شەممە، ٢٢ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدە ڕایگەیاند " کۆبوونەوەیەکی بەرهەمدار و بنیاتنەرمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا تۆم باراک و دەریاوان براد کوپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا ئەنجامدا".
مەزڵوم عەبدی وتویەتی "پشتگیری ئەمریکا و سیاسەتی سەرۆک ترامپ بۆ ئاگربەست لە هەموو شتێکدا گرنگییەکی زۆری هەیە و زۆر بەرز دەنرخێنرێت".
"هەوڵەکانی باڵیۆز باراک بۆ ئاسانکاری گفتوگۆ و دانوستانەکانی نێوان ئێمە و حکومەتی سوریا جددی و جەوهەریە و بەهایەکی زۆریان هەیە"، فەرماندەی گشتی هەسەدە وا دەڵێت.
لە کۆتایدا مەزڵوم عەبدی نوسیویەتی "ئێمە بە پەرۆشەوە و بە هەموو تواناکانمانەوە کاردەکەین بۆ گەیشتن بە یەکگرتنی ڕاستەقینە و پاراستنی ئاگربەستی ئێستا".
تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمریکا لە تورکیا و نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سوریا، لە دوای کۆبونەوەکەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد لە هەولێر، لە ئێکس نووسی "شەرەفمەند بووین بە دیداری ئەمڕۆمان لەگەڵ جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی و ئیلهام ئەحمەد، ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانیی بەهێزی خۆی بۆ پڕۆسەی تێکەڵکردن دووپات دەکاتەوە کە لە رێککەوتنی ١٨ کانوونی دووەمدا دیاری کراوە."
لە لایەکی دیکەوە مەزڵوم عەبدی رایگەیاند "پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسامان پێگەیشت، تیایدا پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو هەوڵانەی ئێمە و ئەو لایەنانەی کار دەکەن بۆ بەدیهێنانی ئاگربەست و گەڕانەوە بۆ ڕێبازی گفتوگۆ و دانوستان لە سوریا، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێکی هەمیشەیی کە خزمەت بە بەرژەوەندی گشتی تەواوی ناوچەکە بکات دەربڕی".
فەرماندەی گشتی هەسەدە دەشڵێت "لە گفتوگۆکەدا باس لە جێبەجێکردنی ئەم دواییەی ڕێککەوتنەکانی پێشووی نێوان ئێمە و حکومەتی سوریا و پێویستی پاراستنی مافی گروپە جیاوازەکان کرا".
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا ڕایگەیاند " کورد بە تەنها جێناهێڵین".