سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بۆ رووداو: سبەی تاوەکو نیوەڕۆ مووچەی مانگی 5 دەنێردرێت

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سبەی شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی دەچێتە بەغدا. راشیگەیاند: ''سبەی تاوەکو نیوەڕۆ، پارەی مووچەی مانگی پێنج دەنێردرێت''.

تەمووزی 22, 2025 - 20:56
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بۆ رووداو: سبەی تاوەکو نیوەڕۆ مووچەی مانگی 5 دەنێردرێت

رۆژی سێشەممە، 22ـی تەممووزی 2025، بەرپرسێک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: ''بەهۆی هۆکاری تەکنیکییەوە ئەمڕۆ پارەی مووچەی مانگی ئایار نەنێردرا، بەڵام بڕیارە سبەی تاوەکو نیوەڕۆ بنێردرێت و رۆژی دواتر دەست بە دابەشکردنی بکرێت''.

ئەو سەرچاوەیە گوتی: ''هەر سبەی وردبینی لە لیستی مووچەی مانگی 6 دەستپێدەکات، دواتر لیستەکە رادەستی وەزیری دارایی عێراق دەکرێت''.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی، ''سبەی شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی دەچنە بەغدا، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی داهات و خەرجی مووچەی مانگی 6 و مانگەکانی دواتر و رێکارەکان تاوتوێ دەکەن''.

لەبارەی خشتەی مووچەی مانگی ئایار، ئەو سەرچاوەیە گوتی، ''هەر سبەی دوای گەیشتنی پارەکە، خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئایار رادەگەیێندرێت؛ لیستەکە بە هەمان شێوەی مانگەکانی پێشوو دەبێت و هەوڵدەدرێت لە کەمترین کاتدا مووچەی هەموو فەرمانبەران دابەشبکرێت''.

ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەستی بە خەرجکردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی بۆ مانگی ئایاری 2025 کردووە، ئەوەش دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان پابەند بوو بە رادەستکردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستای بە کۆمپانیای سۆمۆ.

 بەگوێرەی لێکتێگەیشتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا کە 17ـی تەممووز ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد، هەرێمی کوردستان تەواوی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستا رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات کە بە 230 هەزار بەرمیلی رۆژانە مەزەندە کراوە؛ 50 هەزار بەرمیلی دیکەشی بۆ پێویستیی نێوخۆ و بەرهەمە نەوتییەکان بەکاردەهێنێت.

فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ''کاتێک مووچەی مانگی پێنج خەرجکرا، واتە مووچەی مانگەکانی داهاتووش (6 و 7) خەرج دەکرێت''.

دوایین جار کە هەرێمی کوردستان داهاتی نانەوتیی بۆ بەغدا ناردووە، لە مانگی نیسان بوو و بڕەکەی 50 ملیار دینار بوو. وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ رایگەیاند، ''داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی ئایار، کە بڕەکەی 120 ملیار دینارە، خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی فیدراڵی''.