راپۆرتێک: نێچیرڤان بارزانی رۆڵی هەبووە لە گۆڕینی هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر هەسەدە
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێوەندگیریی کردووە تورکیا سیاسەتێکی نەرمتری هەبێت بەرامبەر بە رۆژئاوای کوردستان و هەسەدە و لە هەمان کاتیشدا هەوڵیداوە ئەمریکا قایل بکات بەوەی دیدگای ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا بۆ پەیڕەوکردنی سیستمێکی ناوەندی بەهێز بۆ سووریا گونجاو نییە.

رۆژی سێشەممە 22ـی تەممووزی 2025، پێگەی هەواڵی ئەلمۆنیتۆری ئەمریکی، باسی لە وردەکاریی گفتوگۆکانی ئەمدواییەی نێوان مەزڵووزم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا کردووە، باسیش لەوە دەکات کە چۆن شەڕوپێکدادانەکانی ئەمدواییەی ناوچەکانی باشووری سووریا و بەتایبەت لە پارێزگەی سوەیدا، وایکردووە پێگەی کورد بەرامبەر بە دیمەشق بەهێزتر بێت.
"رۆڵی نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی"
بەگوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکانی ئەو پێگە ئەمریکییە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، رۆڵێکی دیپلۆماسیی کاریگەر دەگێڕێت.
ئەلمۆنیتۆر ئاماژە بەوە دەکات نێچیرڤان بارزانی، کە پەیوەندیی نزیکی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هەیە، لە هەوڵدایە بۆ نەرمکردنی هەڵوێستی تورکیا بەرامبەر بە هەسەدە، "لە مانگی یەکەوە، تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر ئەو هێزانە راگرتووە."
لە هەمان کاتیشدا نێچیرڤان بارزانی هەوڵیداوە ئیدارەی ترەمپ قایل بکات، کە دیدگای ئەحمەد شەرع بۆ دەوڵەتێکی تووندی ناوەندی، لەگەڵ فرەچەشنیی نەتەوەیی و ئایینیی سووریادا ناگونجێت.
ئەو پێگە ئەمریکییە سەبارەت بە رۆڵی نێوەندگیریی نێچیرڤان بارزانی نووسیوویەتی: "بارزانی، دانوستاندنکارێکی لێهاتوو و کاریگەرە."
لەلایەکی دیکەوە، فەڕەنسا کارئاسانی بۆ نزیکبوونەوەی هەسەدە و دیمەشق دەکات، پلانێک هەیە کۆبوونەوەی داهاتووی نێوان مەزڵووم عەبدی و تۆم باراک لە پاریس بکرێت و ئەگەر هەیە ماکرۆنیش بەشداریی تێدا بکات.
ئامانجی کۆبوونەوەکە بریتی دەبێت لە راگەیاندنی پێشکەوتنێکی بەرچاو لە پڕۆسەی تێکەڵکردنی هەسەدە و دامەزراوە سڤیلەکانی کورد لەگەڵ حکومەتی دیمەشقدا، ئەمەش وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ پشتگیریکردنی لە حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع، بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرجەم وڵاتەکە.
یەکێک لە سەرچاوەکان سەبارەت بە رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە: "ئەو بەردەوامە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بۆ دۆزینەوەی سازانێک کە 'نە فیدراڵییە و نە ناوەندێتی."
لەلایەکی دیکەوە، فەڕەنسا، کە گرنگییەکی مێژوویی بە سووریا دەدات و پێوەندییەکی پتەویشی لەگەڵ کورد هەیە، کارئاسانیی بۆ نزیکبوونەوەی هەسەدە و دیمەشق کردووە.
"شەڕی سوەیدا پێگەی کورد بەهێز دەکات"
شەڕی یەک هەفتەی ناوچە دروزنشینەکانی پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا، کە بووە هۆی کوژرانی زیاتر لە هەزار و 200 کەس کە نیوەی زۆریان دروزی چەکدار و سڤیل بوون؛ پێگەی حکومەتی سووریای بە سەرۆکایەتیی ئەحمەد شەرع لاواز کردووە. سەرچاوەکانی ئەو پێگە ئەمریکییە وردەکاریی نوێ لەسەر زنجیرەیەک کۆبوونەوەی نهێنی لە نێوان مەزڵووم عەبدی و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری ئاشکرا دەکەن.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی ئەو پێگەیە، دانوستاندنەکان، کە ئامانج لێی تێکەڵکردنی دامودەزگەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر و هەسەدەیە لەگەڵ حکومەتی ناوەندیی دیمەشق، لە سەرەتای ئەم مانگە رووبەڕووی ناکۆکیی قووڵ بووەوە، بەڵام رووداوەکانی ئەمدواییەی نێوان دیمەشق و دروزەکان، کارتی دانوستاندنی کوردیان بەشێوەیەکی بەرچاو بەهێز کردووە.
"گۆڕانکاری لە کەشی دانوستاندنەکاندا"
بەپێی چوار سەرچاوەی ئاگادار، دوایین کۆبوونەوەی نێوان باراک و کۆبانێ لە 19ی تەممووز لە عەممانی پایتەختی ئوردن، بە شێوەیەکی بەرچاو ئەرێنیتر بووە بەراورد بە دیداری 10 رۆژ پێشتریان لە دیمەشق. یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت: "باراک میهرەبانتر بوو؛ بەستەڵەکەکەی نێوانیان شکاوە." ئەم گۆڕانکارییە هاوکاتە لەگەڵ شەڕ و تووندوتیژییەکانی باشووری سووریا و لاوازبوونی پێگەی حکومەتەکەی شەرع.
"گوشاری ئەمریکا و سووربوونی کورد"
پێشتر و لە دوای کۆبوونەوەی یەکەمیان لە 9ی تەممووز، باراک بە ئاشکرا گوشاری خستبووە سەر مەزڵووم عەبدی و پشتیوانیی خۆی بۆ مۆدێلی "ناوەندیێتیی تووند"ی ئەحمەد شەرع دەربڕیبوو. هۆشداریی دابوو کە ئەگەر هەسەدە بەخێرایی نەجوڵێت، مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا مسۆگەر نییە.
سەرچاوەیەک دەڵێت، لەو کۆبووەنەیە بە مەزڵووم عەبدی گوتراوە "تەنیا چەند رۆژێکت لەبەردەست ماوە، ئەگەرنا رەنگە سەرۆک ترەمپ بڕیارێک دژی هەسەدە بدات. ئێوە هاوبەشێکی گەورە بوون، بەڵام جیهانەکەتان گۆڕاوە و دەبێت واقیع قبوڵ بکەن.
" سەرەڕای بڵاوبوونەوەی چەند راپۆرتێک لەبارەی پێدانی "مۆڵەتی 30 رۆژە" لەلایەن ئەمریکا و تورکیاوە بۆ هەسەدە بۆ تێکەڵبوونیان لەگەڵ دیمەشق، سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە بەرپرسانی ئەمریکا هیچ مۆڵەتێکی لەوجۆرەیان نەداوە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا پشتڕاستی دەکاتەوە کە "گفتوگۆکان بۆ تێکەڵکردنی هەسەدە لەگەڵ حکومەتی سووریا بەردەوام و چالاکن."
ناکۆکیی سەرەکی لەوەدایە کە کوردەکان سوورن لەسەر بەدەستهێنانی شێوازێک لە خۆبەڕێوەبەری (ئۆتۆنۆمی)، لە کاتێکدا شەرع پابەندە بە دەوڵەتێکی یەکگرتووی ناوەندییەوە.
رۆژی دووشەممە، باراک لەهەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆوشیەیتد پرێس، سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی گفتوگۆی نێوان قامیشلۆ و دیمەشق، رایگەیاند، لەوبڕوایەدا نییە رووداوەکانی سوەیدا گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و دیمەشقی "لەسەر رێڕەو دەرکردبێت" و ئەگەری "پێشکەوتنێکی گەورە" لە هەفتەکانی داهاتوودا هەیە.
"شەرع پێویستیی بە کوردە"
سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردەوە کورد ئێستا لە پێگەیەکی دانوستاندنی بەهێزتردایە. هەروەک چۆن لە مانگی ئازاردا هەمان پێگەیان هەبوو، کاتێک شەرع رووبەڕووی یەکەم قەیرانی گەورەی دەسەڵاتەکەی بوویەوە. لەو مانگەدا زیاتر لە هەزار کەس، کە زۆربەیان عەلەوی سیڤیل بوون، کوژران کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سەر بە دەسەڵاتدارانی دیمەشق رووبەڕووی گرووپە چەکدارەکانی عەلەوی بوونەوە.
شەرع بەپەلە لە 10ی ئاداردا "دوای چەندین مانگ خۆدزینەوە لێی" لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کۆبووەوە و رێککەوتننامەیەکی واژۆ کرد کە چوارچێوەی یەکخستنی هەردوو ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرایەتیی رۆژئاوای کوردستان و هەسەدەی لەگەڵ دیمەشقدا دیاریکردبوو
.
دۆخی داهاتوو: کات بە قازانجی کێیە؟
سەرچاوەکانی پێگەی ئەلمۆنیتۆر ئاماژە بەوە دەکەن قەیرانی سوەیدا نەک تەنیا حکومەتەکەی شەرعی لە رووی سیاسی و سەربازی لاواز نیشان دا، بەڵکو وایکردووە کە مەزڵووم عەبدی کاتی زیاتری بۆ دەستەبەر ببێت. وەک یەکێک لە سەرچاوەکان دەڵێت، "کەس ناتوانێت گرهو لەسەر مانەوەی شەرع و رژێمەکەی لە ماوەی مامناوەنددا بکات. ئەگەر شتێکی گەورە رووبدات، مەزڵووم نایەوێت گەلەکەی بێ بەرگری بمێننەوە دوای ئەوەی چەکەکانیان رادەستی دیمەشق کردووە."
سەرچاوە: ڕووداو