دوای هێرشەکانی ئێران، ئەمریکا پەنا بۆ تەکنەلۆژیای دژە درۆنی ئۆکراینی دەبات

راپۆرتێک باس لەوە دەکات، سوپای ئەمریکا لە چەند هەفتەی رابردوودا دەستی کردووە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی ئۆکراینی بۆ بەرەنگاربوونەوەی درۆنەکانی ئێران لە بنکەیەکی ئاسمانیی گرنگی خۆی لە سعودیە.

نیسان 22, 2026 - 18:08
دوای هێرشەکانی ئێران، ئەمریکا پەنا بۆ تەکنەلۆژیای دژە درۆنی ئۆکراینی دەبات
سەکۆی Sky Map لە ناو جەرگەی بیابان
 
بەپێی زانیارییەکانی پێنج سەرچاوەی ئاگادار کە قسەیان بۆ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە، سوپای ئەمریکا سەکۆی فەرماندەیی و کۆنتڕۆڵی ئۆکراینی بە ناوی Sky Map (نەخشەی ئاسمان)ـی لە بنکەی ئاسمانیی (شازادە سوڵتان) لە سعودیە جێگیر کردووە. 
 
تەکنەلۆژیای ئۆکراینی، کە لە جەنگی چوار ساڵەی دژی رووسیادا تاقیکراوەتەوە، ئێستا بووەتە فریادڕەسی ئەمریکییەکان بەرامبەر درۆنە ئێرانییەکانی وەک شا‌هید.
 
رۆیتەرز دەڵێ، بەرپرسانی سەربازیی ئۆکراینی لە چەند هەفتەی رابردوودا گەیشتوونەتە بنکەکە تاوەکو مەشق بە سەربازە ئەمریکییەکان بکەن لە سەر چۆنیەتیی بەکارهێنانی ئەم سیستمە بۆ دەستنیشانکردنی درۆنەکان و کردنی هێرشی پێچەوانە.
 
(نەخشەی ئاسمان) چییە ؟
 
سکای ماپ، نەرمەواڵە (سۆفتوێر)ێکی تایبەتمەندی ئۆکراینایە، بۆ دەستنیشانکردن، بەدواکەوتن و راگرتنی درۆن دیزاین کراوە. باڵا دەستیی سکای ماپ زیاتر بەرامبەر درۆنە هێواشەکانی وەکو (شاهید)ـی ئێرانییە.
 
سکای ماپ وەکو داشبۆردێکی گەورەی زیرەک کاردەکات. بەهۆی چەندین هەستەوەر و رادار کە پێوەی لکاون یانیش بە وایەرلێس و بلووتوس کاردەکەن، لەماوەیەکی زۆر کورتدا، داتایەکی زۆر کۆدەکاتەوە و دەیکاتە یەک نەخشەی سادەی دیجیتاڵی.
 
چۆن کاردەکات؟
 
دەستنیشانکردنی هەڕەشە: کاتێک درۆنێک دێتە ئاسمانی ناوچەکە، چەند هەستەوەرێکی دەنگی، کامێرای گەرمبین و راداری ئاسایی دەستنیشانی دەکەن.
 
پێکەوەبەستنەوەی خاڵەکان: سکای ماپ هەموو داتاکان کۆدەکاتەوە، شڕۆڤەی دەکات و نەخشەیەک دروست دەکات.
 
هەنگاونان: نەخشەکە رێک پیشان دەدات درۆنەکە لەکوێیە و بەرەو کوێ دەڕوات، خێراییەکەی چەندە و ئاراستەکەی کوێیە. ئەمە رێگە بە بەرپرسان و بەکارخەرانی دژە درۆنەکە دەدات بە ئاسانی ئامادە کاریی بۆ هێرشێکی پێچەوانە بکەن، لەوانەش فڕاندنی درۆنێکی پەکخەر یانیش وەڵامدانەوە بە بەکارهێنانی چەکی دژە فڕۆکە بۆ خستنەخوارەوەی درۆنە دووژمنەکە.
 
10 هەزار گوێچکە: تایبەتمەندییەکی زۆر ناوازەی سیستمەکە ئەوەیە، کۆمپانیاکە زیاتر لە 10 هەزار هەستەوەری دروستکردووە و لە سەرانسەری ئۆکراینا بڵاوەی پێکردووە، ئەم هەستەوەرانە وەک (گوێ)ـی ئەو سیستمە کار دەکەن، لەڕێگەی کۆکردنەوەی داتا و دەستنیشانکردنی دەنگ و لەرەلەری درۆن، زانیاریی بۆ سیستمی ناوەندی و سەرەکیی سکای ماپ دەنێرن.
 
سیستمەکە لە ساڵی 2022 لەلایەن کۆمپانیای (سکای فۆرترێس) دروستکراوە.
 
ئەو درۆنەی کە سکای ماپ دەیفڕێنێت بۆ تێکشکاندنی درۆنی دووژمن، ئەوپەڕی دەتوانێت 300 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا بفڕێت. زۆرترین دووری کە دەتوانێت بڕوات، 36 کیلۆمەترە. درۆنی پەکخەری سکای ماپ تەنیا دەتوانێت 15 خولەک لە ئاسماندا بمێنێتەوە و تەنیا نیو کیلۆ بۆمب و تەقەمەنی پێ هەڵدەگیرێت بۆ ئەوەی خۆی بە درۆنی دووژمن بتەقێنێتەوە.
 
وەرچەرخان لە هەڵوێستی ترەمپ
 
ئەم پێشهاتە تەنیا مانگێک دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا پێشنیازێکی ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی، سەرۆککۆماری ئۆکراینای بۆ هاوکاری لە بەرگریی درۆن رەتکردبووەوە. ترەمپ لە 6ـی ئاداردا بە فۆکس نیوزی گوتبوو: "ئێمە پێویستمان بە یارمەتیی ئەوان نییە لە بەرگریی درۆندا." بەڵام زۆریی هێرشەکان بۆ سەر بنکەی شازادە سوڵتان، کە تەنیا 640 کیلۆمەتر لە ئێرانەوە دوورە، وادیارە واشنتنی ناچار بەم هەنگاوە کردووە.
 
زیانە گەورەکانی بنکەی شازادە سوڵتان
 
لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە 28ـی شوبات، ئەم بنکەیە رووبەڕووی چەندین شەپۆلی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە:
 
لە 27ـی ئاداردا، فڕۆکەیەکی راداری جۆری E-3 AWACSـی ئەمریکی بە تەواوەتی وێران بوو.
چەندین فڕۆکەی سووتەمەنیپێدەری جۆری KC-135 زیانیان پێگەیشتووە.
 
بەشێک لە سیستمی بەرگریی تاد لە ناو بنکەکە پێکراوە.
 
لانیکەم یەک سەربازی ئەمریکی لەم هێرشانەدا کوژراوە.
 
تیمۆسی واڵتن، شڕۆڤەکار لە پەیمانگەی هەدسۆن دەڵێ: "لەمێژە کەلێنی گەورە لە بەرگریی ئاسمانی و مووشەکیی ئەمریکادا لە سەرانسەری جیهان هەیە؛ هەمووان ئەمەیان دەزانی، بەڵام چارەسەر نەکرابوو."
 
ئێستا ئەمریکا بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەلێنانە پەنای بۆ تێکەڵەیەک لە سیستمی کۆن و نوێ بردووە، لەوانەش سیستمی (FAAD)ـی کۆمپانیای نۆرسرۆپ و درۆنی تێکشکێنەری (کایۆتی)ـی کۆمپانیای ئار تی ئێکسی ئەمریکی.
 
جگە لە تەکنەلۆژیای ئۆکراینی، ئەمریکا خەریکی تاقیکردنەوەی درۆنی تێکشکێنەری مێرۆپس (Merops)ـە کە لە لایەن کۆمپانیایەکی ئەمریکی بە پاڵپشتیی ئیریک شمیت، بەڕێوەبەری پێشووی گووگڵ، دروستکراوە. 
 
سەرچاوەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، لە سەرەتای ئەم مانگەدا، یەکێک لەم درۆنانە لە کاتی تاقیکردنەوەدا کۆنتڕۆڵی لەدەستداوە و کێشاویەتی بە توالێتەکانی ناو بنکە سەربازییەکەدا.
 
سەرەڕای بانگەشەکانی ئیدارەی ترەمپ بۆ "سەرکەوتنی تەواوەتی" و "بێ وێنەیی" سوپای ئەمریکا، واشنتن لە مەیدانی جەنگدا بە قورسی رووبەڕووی درۆنە ئێرانییەکان بووەتەوە و ئێستا پێویستی بە ئەزموونی جەنگاوەرانی ئۆکراینی هەیە کە چوار ساڵە لە ناو دڵی جەنگێکی درۆنیی بێپچڕاندان.
سەرچاوە: رووداو