پووتین داوا دەکات هەفتەی داهاتوو گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئۆکراینا بکات
سەرۆکی رووسیا پێشنیازی کرد، رۆژی 15ی ئەم مانگە، لە شاری ئیستەنبووڵی تورکیا، گفتوگۆی راستەوخۆ لە نێوان وڵاتەکەی و ئۆکراینا بکرێت، ئەمەش دوای چەند کاژێرێک لە داواکاریی سەرکردەی وڵاتانی ئەورووپا، کە داوایان کرد، لە رۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەی 30 رۆژ ئاگربەستی بێمەرج دەستپێبکات.

رۆژی شەممە 10ـی ئایاری 2025، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لە گوتارێکدا لەبارەی پێشنیازەکانی سەرکردەکانی وڵاتانی رۆژئاوا، کە سەردانی ئۆکراینایان کردبوو و لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی کۆبوونەوە و داوای ئاگربەستێکی 30 رۆژەیان کردبوو، بە راستەوخۆ بەو پێشنیازەی رۆژئاوا رازی نەبوو، بەڵام رایگەیاند: "پێشنیازەکەم ئەوەیە دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەست بەو گفتوگۆیانە بکەنەوە، کە لەساڵی 2022 رایانگرت و جەختیش لەسەر ئەوە دەکەمەوە ئەو گفتوگۆیانە بێمەرج بن."
سەرکردەکانی هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا و پۆڵاند رۆژی یەکشەممە بە شەمەندەفەر گەیشتنە کیێڤی پایتەختی ئۆکراینا و هەڕەشەی سەپاندنی سزای نوێیان بەسەر مۆسکۆ دا کرد، ئەگەر رووسیا بەو پێشنیازە نوێیەیان رازی نەبێت. لە هەفتەکانی سەرەتای ئەم جەنگە، کە لە شوباتی 2022 دەستیپێکرد، رووسیا و ئۆکراینا، راستەوخۆ لە تورکیا گفتوگۆیان کرد، بەڵام گفتوگۆکان ئەنجامیان نەبوو، جەنگیش تاوەکو ئێستا بەردەوامە.
لەبارەی پێشنیازە نوێیەکەش، سەرۆکی رووسیا گوتی: "پێشنیاز دەکەم بەبێ هیچ دواکەوتنێک رۆژی پێنجشەممە، 15ـی ئایار لە ئیستەنبووڵ دەست پێبکەین."
پووتین رایگەیاند، رۆژی یەکشەممە قسە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەکات تاوەکو هەوڵەکانی بخاتەگەڕ بۆ دەستپێکردنی ئەو گفتوگۆیانە. دەشڵێت: "ئێمە پابەندین بە دانوستاندنی جیدی لەگەڵ ئۆکراینا، بەڵام دەبێت گفتوگۆکان رەگی ئەو هۆکارانە لەنێوبەرێت، کە بوونە هۆی دروستبوونی ئەو ناکۆکییە و هێنانەدی ئاشتییەکی درێژخایەن."
تاوەکو ئێستا ئۆکراینا وەڵامی پێشنیازە نوێیەکەی پووتینی نەداوەتەوە. سەرکردەکانی رۆژئاواش رایانگەیاند، داوکاریی ئاگربەستی 30 رۆژە، پێشنیازێکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاش باسیان کردووە و ئەویش هاوڕایە. کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو داواکارییەیان بۆ ئاگربەست "دەبێت قبووڵ بکرێت."
سەرچاوە: ڕووداو