گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچن

ئەمڕۆ گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران لە شاری مەسقەتی پایتەختی عومان بەڕێوەدەچن، ئەمەش لەکاتێکدایە، بەرپرسانی ئەمریکی لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە نیگەرانن.

ئارەی 11, 2025 - 09:28
گەڕی چوارەمی گفتوگۆکانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچن

ئەمڕۆ یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، بەنێوەندگیریی عومان، گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی ئەمریکا و ئێران بەڕێوەدەچن. پێشتر هەردوولا رایانگەیاندووە لەو گفتوگۆیانە پێشڤەچوون هەبووە، بەڵام هێشتا ناکۆکیی، هەیە لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران. تاران دەڵێت ئەو بەرنامەیەیان "گفتوگۆ هەڵناگرێت" و نێردەی ئەمریکاش لەو گفتوگۆیانە دەڵێت ئەو پرسە "هێڵی سوورە." پێش گفتوگۆکانی رۆژی یەکشەممە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: "لە گفتوگۆکان پێشڤەچوون هەیە و بەشێوەیەکی سرووشتیش ئەگەر ئێمە زیاتر بەردەوام بین، ئەوا راوێژکاری و رەچاوکردن، پێویستیان بە کاتی زیاترە بۆ هەڵسەنگاندنی ئەو پرسانەی لە گفتوگۆکاندا تاوتوێکراون." بڕیاربوو گەڕی چوارەمی گفتوگۆکان، لە 3ـی ئەم مانگەدا بەڕێوەبچن، بەڵام دواخرا و بەرپرسانی عومانیش هۆکاری دواخستنی گفتوگۆکان بۆ کێشەی لۆجیستی گەڕاندەوە. گفتوگۆکانی ئەو دوو وڵاتە نەیارە لەکاتێکدایە، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی لە سەرەتای ئەم مانگەدا رایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆمی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران گەیشتووەتە 60٪، ئەمەش لەکاتێکدایە، دروستکردانی چەکی ئەتۆمی پێویستی بە 90٪ی یۆرانیۆمی پیتێندراوە، پسپۆڕانی ئەو بوارەش هۆشداریان داوە بەوەی بۆ گەیشتن بەو رێژەیە، ماوەیەکی کەمت پێویستە. ستیڤ ویتکۆف، نێردەی ئەمریکا و سەرپەرشتیاری شاندی واشنتن لەو کۆبوونەوانە، رۆژی هەینی بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "دەبێت بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لەنێوببرێن، ئەوە هێلی سوورە، نابێت چەکی ئەتۆمی هەبێت." ئەمەش لەکاتێکدایە، ئێران رایگەیاندووە ئامانجی بەرنامە ئەتۆمییەکەی مەدەنییە، بەڵام ئەو بەرپرسەی ئەمریکا دەڵێت: "ئەگەر گفتوگۆکانمان بەرهەمهێن نەبوون، ئێمە بەردەوام نابین و دەبێت رێگەی دیکە بگرینەبەر." ئەو گفتوگۆیانەی ئەمڕۆی واشنتن و تاران چەند رۆژێک پێش سەردانی چاوەڕوانکراویی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، کە بڕیارە سەردانی قەتەر، ئیمارات و سعودیە بکات.

سەرچاوە: ڕووداو