کلاسیکۆی یەکلاکەرەوە.. ریال مەدرید یاری مان و نەمان لەگەڵ بارسێلۆنا دەکات

دوای 15 رۆژ لە لەدەستدانی نازناوی جامی شای ئیسپانیا و دۆڕان بەرامبەر بارسێلۆنا، جارێکی دیکە هەردوو یانە گەورە و مێژووییەکەی ئیسپانیا و جیهان رووبەڕووی یەکدەبنەوە، ریال مەدرید میوانی بارسێلۆنا و هەمووان پێیانوایە ئەمە کلاسیکۆی یەکلاکردنەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا دەبێت.

ئارەی 11, 2025 - 09:31
کلاسیکۆی یەکلاکەرەوە.. ریال مەدرید یاری مان و نەمان لەگەڵ بارسێلۆنا دەکات

یارییەکە کاژێر 17:15 خولەک لەسەر یاریگەی مونجۆیک لە بارسێلۆنا بەڕێوەدەچێت، 70 هەزار هاندەر لە یاریگەدا بینەری یارییەکە دەبن و ملیۆنان هاندەریش لە هەموو جیهان چاوەڕێی رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی نێوان هەردوو تیپدا دەکەن. بەر لە بەڕێوەچوونی ئەم یارییە یانەی بارسێلۆنا لە چامپیۆنزلیگدا بەشێوەیەکی دراماتیکی بەرامبەر ئینتەرمیلان کرایە دەرەوە و لە قۆناخی پێشکۆتاییدا ماڵئاوایی لە رکابەرییەکە کرد، بەڵام لە لالیگادا یانەکە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە و بە جیاوازیی چوار خاڵ لە پێش یانەی ریال مەدریدی رکابەرییەوەیە.

 ئەم یارییە بۆ بارسێلۆنا دووجار گرنگە، هەم بەبردنەوەی یارییەکە قەرەبووی دۆڕانی بەرامبەر ئینتەرمیلان دەکاتەوە، هەمیش هەلێکی زۆر گەورەی دەبێت بۆ ئەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا لە بەرژەوەندی خۆی یەکلابکاتەوە، بەوپێیەی بردنەوەی یارییەکە لەلایەن بارساوە جیاوازیی هەردوو تیپ دەکاتە 7 خاڵ و تەنیا سێ گەڕ دەمێنێت، یارییەکانی ئەم وەرزەی خولەکە کۆتاییبێن.

بارسێلۆنا لە دوایین سێ کلاسیکۆدا لە ریال مەدریدی بردووەتەوە و 15 رۆژ لەمەوبەریش نازناوی جامی شای ئیسپانیای لەو یانەیە وەرگرت، کاتێک بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ سەرکەوتنی بەرامبەر یانەی شاهانە بەدەستهێنا. لە بەرامبەردا یانەی ریال مەدرید ئامادەکارییەکی زۆری بۆ ئەم یارییە کردووە و چاوی لەوەیە بە ئەنجامێکی باشەوە بگەڕێتەوە مەدرید.

 ئێوارەی دوێنێ شاندی یانەی ریال مەدرید گەیشتووەتە بارسێلۆنا، یانەکە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی مێژوویی و گەورە ئامادەیە و جگە لە بردنەوە یانەی شاهانە هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە، بەتایبەت کە جیاوازیی نێوان هەردوو یانە چوار خاڵە، دۆڕان لە یارییەکەدا بۆ ریال مەدرید بە مانای چوونە دەرەوەیە لە رکابەریدا و بردنەوەی یارییەکەش جیاوازیی نێوان هەردوولا پێشکۆتاییهاتنی خولەکە بە سێ گەڕ بۆ تەنیا یەک خاڵ کەمدەکاتەوە. سەرەڕای ئەوەی بەشێکی یاریزانانی ریال مەدرید بەهۆی پێکانەوە یاری ناکەن، بەڵام تیپەکە بۆ بردنەوە چووەتە بارسێلۆنا، یارییەکە دەبێتە دوایین کلاسیکۆی کارلۆ ئەنچێلۆتی، وەکو راهێنەری ریال مەدرید، ئەوە پاڵنەرێکی دیکەی لۆس گالاکتیکۆسە بۆ ئەوەی یارییەکەی ئەمڕۆ بباتەوە. ریال مەدرید دوایین سێ کلاسیکۆی لە سەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکاندا دۆڕاندووە و هاندەرانی یانەکە چاویان لە کۆتاییهێنانە بە چاوەڕوانیی ئەوان.

 کلاسیکۆی ئەمڕۆ لەژێر کۆنتڕۆڵە

 کلاسیکۆ لەژێر چاودێرییەکی ئەمنی تووند بەڕێوەدەچێت، 700 کەس ئاسایشی یارییەکە دەپارێزن لەنێویاندا 300 پۆلیس و 140 پاسەوانی مەدەنی هەن، ئەمە دوو هێندەی پاراستنی یارییەکی ئاساییە. یارییەکە لەلایەن لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیەوە بە "مەترسی بەرز" پۆلێن کراوە، ئەمەش بە واتای پرۆتۆکۆڵی توندتر لە دەروازەکانی چوونە ژوورەوە، پشکنینی وردتر و دانانی خشتەی چوونە ژوورەوەی هاندەران بە کاتی جیاواز.

 چاوەڕوان ناکرێت هاندەرانی توندڕەوی وەک "ئولتراس سور" ئامادەبن، ئەمەش ئەگەری پێکدادان کەمدەکاتەوە. ئەو زانیاریانەی کە بەرپرسانی ئەمنی لە نێوان هەردوو یانەکەدا هاوبەشیان کردووە بۆ دیاریکردنی رێگاکانی چوونە ژوورەوە و هۆتێلەکان و شوێنی هاندەران بەکاردەهێنرێن، ئەمەش بەشدارە لە بەڕێوەبردنی وردی هەر رووداوێکی ئەگەری.

خوان سالامانکا، بەرپرسی ئەمنی ئاماژەی بەوەدا کە هەموو شتێک لەبەرچاو گیراوە، هەر لە لێدوانی یاریزانەکانەوە تا دانانی ناوبژیوان، تەنانەت ئەگەری چوونە ناو یاریگاکانی هاندەرێک کە درێسی تیپێکی بەرامبەری لەبەردا بێت.

لە ریزەکانی یانەی بارسێلۆنای خاوەن یاریگە هەموو یاریزانەکان ئامادەن، بەڵام بەپێی قسەی هانزی فلیک، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی هاوشێوەی یاریی بەرامبەر ئینتەرمیلان بەشێوەی یەدەگ بەشداری لە یارییەکەدا دەکات.

 لە ریزەکانی یانەی ریال مەدرید، هەریەکە لە ئەنتۆنیۆ رۆدیگێر، بەهۆی کارتی سوورەوە، ئیدێر میلیتاو، دانی کارڤاخاڵ، دەیڤد ئالابا، ئێدوارد کاماڤینگا و فێرلان مێندی بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.

سەرچاوە: ڕووداو