کۆمپانیایەکی چینی دەیەوێت ژیریی دەستکرد بۆ تێگەیشتن لە زمانی گیانەوەران بەکاربێنێت

ئایا هەرگیز هیوات خواستووە لە پشیلەکەت تێبگەیت و بزانیت چی لە تۆ دەوێت؟ کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژیای چینی لە هەوڵدایە بۆ ئەوەی بە ژیریی دەستکرد، دەنگی گیانەوەران وەربگێڕێتە سەر زمانی مرۆڤ.

ئارەی 11, 2025 - 09:32
کۆمپانیایەکی چینی دەیەوێت ژیریی دەستکرد بۆ تێگەیشتن لە زمانی گیانەوەران بەکاربێنێت

کۆمپانیای بایدوو، کە بە "گووگڵی چین" دەناسرێت، داوای لە حکومەتی وڵاتەکەی کردووە بڕوانامەی مافی خاوەندارێتیکردنی بیرۆکەی وەرگێڕانی زمانی ئاژەڵ بۆ زمانی مرۆڤی پێبدات.

زانایان لە زووەوە هەوڵیانداوە لە دەنگی ئاژەڵان تێبگەن. هەنگاوەکەی کۆمپانیای بایدوو بە دوایین هەوڵی لەو جۆرە دادەنرێت.

کۆمپانیاکە دەیەوێت زانیاریی گیانەوەران کۆبکاتەوە، لە نێویاندا دەنگ، هەڵسوکەوت و ئاماژەی فیزیۆلۆژی. دواتر لە رێگەی ژیریی دەستکردەوە ئەو داتایانە شیکار دەکرێن بۆ ئەوەی بزانرێت لە چ دۆخێکدا گیانەوەران چ جۆرە هەڵسوکەوتێک دەکەن، هەست بە چی دەکەن و چۆن لە رێگەی دەنگەوە دەریدەبڕن.

 دوای تێگەیشتن لەوە، دەنگەکانیان دەگۆڕدرێت بۆ رستەی واتاداری زمانی مرۆڤ.

 بایدوو لە داواکارییەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، دروستکردنی سیستمێکی لەو جۆرە "دەتوانێت ببێتە هۆی تێگەیشتنێکی قوڵتر و پەیوەندییەکی باشتر لە نێوان گیانەوەران و مرۆڤدا."

سەرچاوە: ڕووداو