کرستیان دیموکرات و سۆسیال دیموکراتەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئەڵمانیا رێککەوتن

هەردوو پارتی دەستەخوشک؛ کریستیان دیموکرات و یەکێتیی کریستیان سۆسیالیست لەگەڵ پارتی سۆسیال دیموکراتی ئەڵمانیا رێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی ئەو وڵاتە.

نیسان 9, 2025 - 19:34
کرستیان دیموکرات و سۆسیال دیموکراتەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی ئەڵمانیا رێککەوتن

سەرۆکی پارتی کریستیان دیموکراتەکان دەبێتە راوێژکاری ئەڵمانیا و وەزیری دەرەوەش لە پارتەکەی دەبێت، وەزارەتی بەرگریش لەلای سۆسیال دیموکراتەکان دەمێنێتەوە.

دوای گفتوگۆی چڕ و دوورودرێژ، هەردوو لایەنی کریستان و سۆسیالستی ئەڵمانیا لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمان بە سەرۆکایەتیی فریدریش مێرتس، سەرۆکی پارتی کرستیان دیموکرات رێککەوتن. رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت، ئەمڕۆ (چوارشەممە، 9-4-2025) لەلایەن سەرۆکەکانی هەردوو پارتەکە دەخرێتەڕوو.

گرنگترین خاڵەکانی رێککەوتنەکەشیان لەبارەی هەمواری سیاسەتی کۆچبەری، ئابووری و بەرگریی وڵاتەکەیە. لە سیاسەتی کۆچبەریدا؛ رێککەوتن کراوە بۆ تووندکردنی کۆنترۆڵی سنوورەکانی ئەڵمانیا، بۆ ئەوەی کەمترین کۆچبەر بگەنە وڵاتەکە، هەروەها دەسەڵاتی زیاتر دەدرێت بۆ دیپۆرتکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی مافی مانەوەیان نییە. لە سیاسەتی ئابووریدا؛ فراکسیۆنی هەردوو پارتەکە بڕگەی پەیوەندیدار بە قەرزی حکومەتیان لە یاسای بنەڕەتی (دەستوور)ـی ئەڵمانیا هەموارکردووە کە رێگەدەدات قەرزی زیاتر بکرێت.

 حکومەتەکە 500 ملیار یۆرۆ لە ژێرخانی ئابووری خەرج دەکات و بودجەی زیاتریش بۆ مژاری بەرگری دابین دەکات. بەپێی زانیارییەکان؛ هەردوو پارتەکە لەبارەی پۆستە وەزارییەکانیش رێککەوتوون.

 راوێژکاری ئەڵمانیا (سەرۆکی حکومەت)، وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی دەرەوە دەکەونە دەست کریستیان دیموکراتەکان، بەجۆرێک ئەو پۆستەی سێیەمیان دوای نزیکەی 60 ساڵ، جارێکی دیکە گەڕایەوە دەستیان.

هەردوو وەزارەتی بەرگری و دارایی و داد بەر سۆسیال دیموکراتەکان دەکەون. بەپێی رێککەوتنەکە 7 وەزارەت بۆ کریستیان دیموکرات و پێنچ وەزارەت بۆ سۆسیال دیموکراتەکان دەبن.

بۆریس پیستۆریۆس لە وەزارەتی بەرگری دەمێنێتەوە و وەزارەتی داراییش بە لارس کلینکبایل، سەرۆکی سۆسیال دیموکراتەکان دەدرێت. بۆ وەزارەتی دەرەوەش ناوی هەریەک لە یوهان ڤادەفۆل و ئارمین لاشێت دێت.

سەرچاوە: ڕووداو