چوارچێوەى هاوئاهەنگى: کەس مافى دواخستنى هەڵبژاردنى نییە
چوارچێوەى هاوئاهەنگیی شیعەکانی عێراق رایگەیاند، گرنگە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە وادەى دیاریکراوى خۆیدا بکرێت، کە کۆتایی ئەم ساڵە. راشیگەیاند، هیچ لایەنێک مافى دواخستنى هەڵبژاردنی نییە.

سێشەممە 8ى نیسانى 2025 هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، لە سۆنگەى بڕوابوونیان بە پاراستنى رێڕەوى دیموکراسى، جەخت لە گرنگیى هەڵبژاردنى پەرلەمان دەکەنەوە لە وادەى دیاریکراوى خۆی لە کۆتایی ئەم ساڵدا.
چوارچێوەى هاوئاهەنگى، کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان تێیدا بەشدارن، جەحت لەوە دەکاتەوە کە هیچ لایەنێک مافى دواخستنى هەڵبژاردن یان هەڵوەشاندنەوەى وادەکەى نییە. راگەیێندراوەکە، ئەنجامى کۆبوونەوەیەکى هاوپەیمانێتییەکە بووە، کە شەوى رابردوو 7ى نیسان لە ماڵى نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیی دەوڵەتى یاسا کرا.
چوارچێوەى هاوئاهەنگى داواى لە حکومەت کرد، رێوشوین بۆ رەخساندنى کەشى هەڵبژاردن و سەرجەم پێویستییەکانى ئاسایشى هەڵبژاردن فەراهەم بکات، پاڵپشتیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکان بکات بۆ سەرخستنى پرۆسەکە و گەرەنتیی بێگەردبوونى.
بەگوێرەى یاسا، نابێت هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق لە 25ی تشرینى دووەمى ئەم ساڵ تێپەڕبێت. نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، کە هاوپەیمانییەکەی بەشێکە لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی، رۆژی دووشەممە 07-04-2025 رایگەیاند، "هەر قسەیەک لەبارەى دواخستنى هەڵبژاردن بکرێت قبووڵکراو نییە و قبووڵى ناکەین."
مالیکى گوتیشی، "دواخستنى هەڵبژاردن وادەکات پەرلەمان نەمێنێت و حکومەتیش سایەیەکى رەوایەتى نەبێت بۆ بەردەوامبوون، هەندێکیش باس لەوە دەکەن حکومەتى بارى لەناکاومان هەبێت، بەڵام لە ناو دەستوورەکەمان شتێک بەناوى حکومەتى بارى لەناکاو نییە."
سەرچاوە: ڕووداو