سوودانی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی موسڵ دەکەن

بڕیارە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، سەردانی موسڵ بکەن.

ئاب 31, 2025 - 09:44
سوودانی و وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەردانی موسڵ دەکەن
شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری عێراق لە پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ یەکشەممە، 31ـی ئابی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دووشەممە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەمەبەستی کردنەوەی مزگەوتی نووری سەردانی موسڵ دەکات.
 
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، لە رێوڕەسمی کردنەوەی مزگەوتەکەدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان و شاندێکی ئیمارات ئامادە دەبن.
 
مزگەوتەکە لەلایەن رێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بە هاوئاهەنگیی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری موسڵ و وەقفی سوننە نۆژەنکراوەتەوە و ئیمارات پارەکەی دابین کردووە.
 
رۆژی 29ـی حوزەیرانی 2014، ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش لەو مزگەوتەوە "خەلافەتی" راگەیاند؛ لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکەدا، %85ی مزگەوتەکە وێران بوو.
 
مزگەوتی نووری لە سەدەی 12ـی زایینی لەلایەن نوورەدین زەنگییەوە دروستکرا.
سەرچاوە: ڕووداو