رووداو دیجیتاڵ
لەم سەردەمەدا، بێ چیمەنتۆ، بیناسازی ئەستەمە، بەڵام ئەم مادە زۆر گرنگەی باسی دەکەین، کێشەیەکی هەرە گەورەیە بۆ کەشوهەوای هەسارەکەمان.
ساڵی 2022، پیشەسازیی چیمەنتۆ 1.6 ملیار تۆن دوانۆکسیدی کاربۆنی فڕێدایە نێو هەواوە، کە دەکاتە نزیکەی 8%ی کۆی ئەو گازە گەرمکەر و پیسکەرانەی لەو ساڵەدا لە سەرانسەری جیهان دەردرابوون.
ساڵانە 4.1 ملیار تۆن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێندرێت. لەگەڵ فراوانبوونی شارەکان، خواست لەسەری زیاتر دەبێت. ئەمە پێمان دەڵێت، کێشەکە تادێت گەورەتر دەبێت.
لەم بوارەدا، چین دەستی باڵای هەیە؛ ئەو وڵاتە ساڵانە 2.1 ملیار تۆن چیمەنتۆ دروست دەکات، واتە هەموو وڵاتانی دیکەی جیهان پێکەوە، هێندەی چین دروست ناکەن.
بەرهەمهێنانی ئەم بڕە زەبەلاحە، لە ئەنجامی پێشکەوتنی بەردەوامی ژێرخانی چینە، کە شەو و رۆژ راناوەستێت؛ بەڵام لە هەمان کاتیشدا، وەبیرهێنەرەوەیەکی راچڵەکێنەرە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک، چونکە وڵاتانی تازە گەشەسەندووش وا بە هەمان رێگەدا دەڕۆن.
ئەوەی وایکردووە نەهێشتنی کاربۆن لە بەرهەمهێنانی چیمەنتۆدا ئەستەم بێت، ئەوەیە کە نزیکەی 60%ی ئەو دوانۆکسیدی کاربۆنەی لە کاتی دروستکردنیدا دەردەرێت، بەهۆی سووتانی سووتەمەنییەوە نییە، بەڵکو لە کارلێکی کیمیایی دروستبوونی چیمەنتۆوە دێت.
بەردی کلس (لایمستۆن) لە نێو فڕنی گەورەدا گەرم دەکرێت بۆ ئەوەی کەرەستەیەکی لێ دروست بێت، کە پێیدەگوترێت کلینکەر، کە پێکهێنەرێکی سەرەکیی چیمەنتۆیە.
40%ی دوانۆکسیدەکە لە ئەنجامی گەرمکردنی فڕنەکان بە گازی سرووشتی، خەڵووز یان سووتەمەنی دیکەوە دروست دەبێت، بەڵام تەنانەت ئەگەر فڕنەکان بە وزەی پاکیش گەرم بکرێن، بەردی کلس دوانۆکسیدی کاربۆن دەردەدات، چونکە بەردەکە لە کاربۆناتی کالسیۆم پێکدێت. کە گەرم دەکرێت، دوانۆکسیدی کاربۆن و ئۆکسیدی کالسیۆمی لێ دروست دەبێت.
واتە، 60%ی دوانۆکسیدەکە لە گەرمبوونی خودی بەردەکەوە دێت نەک سووتەمەنییەکە.
بۆیە تەنانەت ئەگەر پاکترین وزەش بەکاربهێنرێت، بەهۆی زیادبوونی بەردەوامی بەرهەمی چیمەنتۆ لە سەرانسەری جیهان، تاوەکو ساڵی 2050 هێشتاش ساڵانە زیاتر لە 3 ملیار تۆن دوانۆکسیدی کاربۆن دەخرێتە هەواوە.
ئەوەی کە ترووسکەیەک هیوای بەخشیوە، ئەوەیە کە ئەندازیاران و کۆمپانیاکانی سەرانسەری جیهان لە چەند گۆشەیەکی جیاجیاوە هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەرێک دەدەن.
گۆڕینی گیراوەکە
یەکێک لەو بیرۆکانەی کە خێراترین ئەنجامیان هەیە، کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کلینکەرە لە رێگەی بەکارهێنانی کەرەستەی دیکە. زۆر لەو کەرەستانەش ئەوانەن کە بەرهەمی لاوەکیی دروستکردنی مادە و پێداویستییەکانی دیکەن.
ئەم کەرەستانەی کە دەکرێت بەکاربهێنرێن، هەندێجار وەک پاشماوە فڕێ دەدرێن و دەبنە بەڵا بەسەر ژینگەوە، بۆیە هەڵگرتنەوەیان بە مەبەستی بەکارهێنانیان لە دروستکردنی کۆنکریتدا، هەم پاشماوەی نێو ژینگە و هەمیش دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن لە پیشەسازیی کۆنکریتدا کەم دەکاتەوە.
بەکارهێنانی GGBS
GGBS بریتییە لە پاودەرێک کە وەک بەرهەمێکی لاوەکی، لە کاتی دروستکردنی ئاسندا، بەرهەم دێت. دەکرێت ئەم کەرەستەیە شوێنی 50%ی چیمەنتۆی نێو کۆنکریت بگرێتەوە. بەمەش دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن تاوەکو 43% کەمتر دەبێتەوە. ئەمە سوودی داراییشی هەیە، چونکە تێچووەکە تاوەکو 21% کەمدەکاتەوە، لەبەر ئەوەی ئامادەکردنی پێویستی بە وزەی کەمترە. کەرەستەکە هێندەی چیمەنتۆ بەهێزە، بگرە لە پاراستن دژی هێرشی کیمیایی، باشتریشە و زیاتریش دەمێنێتەوە.
نیشتووی رەشی خەڵووز
کەرەستەیەکی دیکەی جێگرەوە، ئەو نیشتووە رەشەیە کە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە ئەنجامی سووتاندنی خەڵووز دروست دەبێت. نیشتووەکە لەگەڵ گازەکان بەرزدەبێتەوە، بەڵام بە تەکنەلۆژیای تایبەت، لە گازەکان جیادەکرێتەوە و لە شێوەی پاوەدردا دەنیشێتەوە.
ئەم بژارەیە دەتوانێت شوێنی 20% تاوەکو 30%ی چیمەنتۆی نێو کۆنکریت بگرێتەوە و دوانۆکسیدی کاربۆن 27% کەم بکاتەوە. ئەگەرچی ئەم سەرچاوەیە لەگەڵ داخستنی زیاتری وێستگەکانی خەڵووز بەرەبەرە کەم دەبێتەوە، بەکارهێنانی لەم کاتەدا کە هێشتا بەردەستە، بە رێگەیەکی باش دادەنرێت.
یەکێک لە گرنگترین پێشکەوتنەکان لەم بوارەدا، جۆرێکی نوێی چیمەنتۆیە بە ناوی LC3، ئەم چیمەنتۆیە تێکەڵەیەکە لە قوڕی گەرمکراو (سووتێنراو)، بەردی کلس و گەچ، لەگەڵ بڕێکی کەمتر لەو ماددە سەرەکییەی کە چیمەنتۆی ئاسایی لێدروست دەکرێت (کلینکەر).
بەکارهێنانی ئەم جۆرە چیمەنتۆیە دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن بە رێژەی 40% کەم دەکاتەوە. هەروەها تێچووی بەرهەمهێنانیشی تاوەکو 25٪ کەم دەکاتەوە بە بەراورد بە چیمەنتۆی ئاسایی.
وڵاتێکی وەک هیندستان ئەم جۆرە چیمەنتۆیەی خستووەتە نێو یاساکانی بیناسازیی خۆیەوە، کۆمپانیا گەورەکانیش خەریکن بەرهەمهێنانی زیاد دەکەن و توانیویانە بەکارهێنانی ماددەی سەرەکیی چیمەنتۆی ئاسایی بە رێژەی زیاتر لە 50% کەم بکەنەوە.
هونەر و هاندەری پشت بەکارهێنانی (LC3) ئەوەیە، پشت بەو مادانە دەبەستێت کە لە هەموو جیهاندا بە ئاسانی و بە بڕێکی زۆر دەست دەکەون. بە پێچەوانەی هەندێک ماددەی دیکەوە کە لە پاشماوەی کارگەی دیکە دروست دەبن، ئەو قوڕ و بەردی کلسەی بۆ (LC3) پێویستن، لە زۆربەی ناوچەکانی جیهاندا بە بڕێکی یەکجار زۆر هەن. ئەمەش وا دەکات ببێتە چارەسەرێکی گشتگیر کە دەتوانرێت لەسەر ئاستێکی فراوان بەکاربهێنرێت، نەک تەنیا چارەسەرێکی بچووک و سنووردار.
هەندێ لە کۆمپانیاکان، دەست بۆ چارەسەری سەختتر دەبەن. کۆمپانیای برایمستۆنی ئەمریکی، بە تەواوی وازی لە بەردی کلس هێناوە. لە بری ئەوە، بەردی رەشی گڕکانی بەکاردەهێنێت کە پێیدەگوترێت بازڵت بۆ ئەوەی کەرەستەیەکی هاوشێوەی کلینکەر دروست بکات. لەبەر ئەوەی بەم رێگەیە هیچ کاربۆناتێکی کالسیۆم سوور ناکرێتەوە، نزیکەی 60%ی دوانۆکسیدی کاربۆنی چیمەنتۆ لەکۆڵ دەکاتەوە، نەک هەر ئەوە، بەڵکو بەهۆی کانزای دەوڵەمەند بە مەگنیسیۆم، بگرە دوانۆکسیدی کاربۆنیش هەڵدەمژێت و لە هەوادا کەمی دەکاتەوە.
گرتنەوە و بەکارهێنانەوەی کاربۆن لە سەرچاوەوە
کۆمپانیاکان دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای تایبەت بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە کارگەکانی چیمەنتۆوە کاربۆنەکە بگرنەوە. ئەگەرچی ئەمە کارەکەیان زەحمەتر و ئاڵۆزتر دەکات و بە تێچووەکی زیاتر لەسەریان دەکەوێت، چەندین کۆمپانیای گەورە دەڵێن، ئەم چارەسەرە لە رووی تەکنیکییەوە رێی تێدەچێت و دەکرێت جێبەجێ بکرێت.
ئاسانترین رێگە بریتییە لە بەکارهێنانی تەکنیکی "گرتنەوەی دوای سووتان" کە تێیدا پاڵاوتنی کیمیایی بەکاردەهێنرێت بۆ جیاکردنەوەی دوانۆکسیدی کاربۆن لەو گازانەی لە کورەی کارگەکانەوە دەردەچن. کۆمپانیای هایدڵبێرگ ماتیریاڵز سەرقاڵی دروستکردنی یەکەم وێستگەی گرتنەوەی کاربۆنی چیمەنتۆیە لە جیهاندا لە کارگەکەی لە شاری برێڤیک لە نەرویج. ئەم وێستگەیە وا دروست کراوە کە ساڵانە 400 هەزار تۆن دوانۆکسیدی کاربۆن بگرێتەوە و دواتر بۆ تاهەتایە لە ژێر دەریای باکووردا هەڵیبگرێت. ئەم پرۆژە پێشەنگە، دەبێتە وانەیەکی گرنگ بۆ فراوانکردنی تەکنەلۆژیاکە لەسەر ئاستی جیهان.
رێگەیەکی دیکە بریتییە لە سووتاندن بە ئۆکسجینی پەتی، کە تێیدا سووتەمەنی لەگەڵ ئۆکسجینی خاوێندا دەسووتێنرێت بۆ بەرهەمهێنانی گازێک کە زۆربەی لە دوانۆکسیدی کاربۆن و هەڵمی ئاو پێکدێت، ئەمەش پرۆسەی گرتنەوەکە زۆر ئاسانتر دەکات. پرۆژەی تاقیکاری لە ئەڵمانیا و چەند شوێنێکی دیکە ئەم رێگەیە لە کورەکانی چیمەنتۆدا تاقی دەکەنەوە.
لەبری ئەوەی تەنیا دوانۆکسیدی کاربۆنی گیراوە لەژێر زەویدا هەڵبگرن، هەندێک کۆمپانیا رێگەیەکیان دۆزیوەتەوە بۆ ئەوەی بیخەنەوە نێو خودی چیمەنتۆکە. بۆ نموونە، کۆمپانیای فۆرتێرا بە هاوبەشی لەگەڵ کاڵپۆرتلاند، سیستمێکی "سوڕی کاربۆنات" لە تەنیشت کورەی کارگەکەوە بەکاردەهێنێت: ئەو دوانۆکسیدی کاربۆنەی لە بەردی کلسەوە دەردەچێت، دەیگرنەوە و لەگەڵ قوڕێکی دەوڵەمەند بە کالیسیۆم کارلێکی پێدەکەن بۆ دروستکردنی جۆرێکی نوێی چیمەنتۆ بە ناوی 'ReACT'. ئەنجامەکەی پاودەرێکی چیمەنتۆییە کە دوانۆکسیدی کاربۆنی تێدایە. کۆمپانیای فۆرتێرا رایدەگەیێنێت، ئەم پرۆسەیە بەراورد بە چیمەنتۆی ئاسایی، نزیکەی 70% کەمتر دوانۆکسیدی کاربۆن دەردەدات.
ئەم رێگەیە کاریگەرییەکەی بەرچاوە، لەبەرئەوەی کاربۆن 44%ی کێشی بەردی کلس پێکدەهێنێت، کۆمپانیای فۆرتێرا دەتوانێت بەرهەمی چیمەنتۆ لە هەر تۆنێک بەردی کلسی خاو نزیکەی دوو هێندە زیاد بکات، ئەمەش لە رێگەی گێڕانەوەی دوانۆکسیدی کاربۆن بۆ نێو خودی بەرهەمەکە. کارگە نموونەییەکەیان لە رێدینگ، کالیفۆرنیا، لە ساڵی 2024ـەوە دەستی بە بەرهەمهێنانی 15 هەزار تۆن لەم چیمەنتۆ کەم-کاربۆنە کردووە، کە بەرهەمەکەی 70%ی دەردانی دوانۆکسیدی کاربۆن دەبڕێت بەراورد بە چیمەنتۆی ئاسایی. ئێستا پلانی دروستکردنی کارگەی بازرگانیی گەورەتر دادەنرێت کە تێچوویان لەنێوان 150 بۆ 250 ملیۆن دۆلاردایە.
سەرچاوە: ڕووداو