تەندروستیی بەریتانیا: گوێ لە پزیشکان بگرن نەک ترەمپ

تەندروستیی بەریتانیا داوا لە خانمانی دووگیان دەکات، گوێ بە قسەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، نەدەن لەبارەی پەیوەندیی نێوان بەکارهێنانی حەبی پاراسیتامۆڵ (ئەسیتامینۆفین) و وەچەخستنەوەی ئۆتیزم.

ايلول 24, 2025 - 13:22
تەندروستیی بەریتانیا: گوێ لە پزیشکان بگرن نەک ترەمپ
وێس ستریتینگ، سکرتێری تەندروستی و چاودێریی کۆمەڵایەتیی بەریتانیا رایگەیاند، "من متمانەم بە پزیشکانە نەک بە سەرۆک ترەمپ" و داوای لە خانمانی دووگیان کرد، "هیچ بایەخ" بەو لێدوانانەی سەرۆکی ئەمریکا نەدەن.
 
وێس ستریتینگ، ئاماژەی بەوەشکرد، "لەم بارەیەوە هیچ بەڵگەیەک نییە بۆ پەیوەندیی راستەوخۆی نێوان بەکارهێنانی پاراسیتامۆڵ لەلایەن خانمانی دووگیانەوە و وەچەخستنەوەی ئۆتیزم."
 
ئەو ئاماژەی بە توێژینەوەیەکی گەورەی سویدی کرد کە ساڵی رابردوو لەسەر 2.4 ملیۆن منداڵ ئەنجامدرا و هیچ پەیوەندییەکی لەنێوان دەرمانەکە و ئۆتیزمدا نەدۆزییەوە.
 
کۆمەڵەی نیشتمانیی ئۆتیزم لە بەریتانیا، رەخنەی لە ترەمپ گرت بەهۆی بڵاوکردنەوەی زانیاریی هەڵە و "ترساندنی خەڵک".
 
هاوکات دکتۆر ئەلیسۆن کەیڤ، بەرپرسی باڵای سەلامەتی لە ئاژانسی رێکخستنی دەرمان و بەرهەمە تەندروستییەکان رایگەیاند، ''هیچ بەڵگەیەک بۆ بانگەشەکانی کۆشکی سپی نییە و پاراسیتامۆڵ وەک بژاردەی پێشنیازکراو بۆ ئازارشکاندن بۆ ژنانی دووگیان دەمێنێتەوە''.
 
بەپێی ماڵپەڕی دەزگای تەندروستیی نیشتمانیی بەریتانیا (NHS)، پاراسیتامۆڵ "یەکەم هەڵبژاردەیە وەک ئازارشکێن ئەگەر دووگیان بیت، بە شێوەیەکی باو لە کاتی دووگیانیدا بەکاردەهێنرێت و زیانی بۆ کۆرپەلە نییە."
 
ئەمە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ رایگەیاند، بەکارهێنانی ئازارشکێنی تایلینۆڵ، کە لە بەریتانیا بە پاراسیتامۆڵ ناسراوە، بۆ خانمانی دووگیان "باش نییە" و پەیوەندییەکی نەسەلمێنراوی بە ئۆتیزمەوە هەیە.
 
پسپۆڕانی پزیشکی و بەرپرسانی تەندروستی لە بەریتانیا بە توندی دژی ئەم لێدوانانە وەستاونەتەوە و جەخت دەکەنەوە کە پاراسیتامۆڵ سەلامەتترین ئازارشکێنە بۆ خانمانی دووگیان.
 
بۆچوونی زۆربەی توێژەران ئەوەیە کە هیچ هۆکارێکی دیاریکراو بۆ ئۆتیزم نییە و پێیان وایە کە ئەنجامی تێکەڵەیەکی ئاڵۆزی هۆکارە بۆماوەیی و ژینگەییەکانە.
 
سەرچاوە: ڕووداو