بەریتانیا خەرجیی بەرگریی وڵاتەکەی زیاد و هاوکارییە دەرەکییەکان کەم دەکاتەوە
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا رایدەگەیێنێت، تاوەکو ساڵی 2027 خەرجیی بەرگریی وڵاتەکەیان بۆ 2.5%ی کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆ زیاد دەکەن. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، هاوکارییە دەرەکییەکان کەم دەکاتەوە.

رۆژی سێشەممە 25ی شوباتی 2025 کیەر ستامەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، خەرجیی بەرگری لە 2.3% بۆ 2.5%ی کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆ بەرز دەکەنەوە، بەوەش بڕیاری 13.4 ملیار دۆلار بۆ خەرجیی بەرگری زیاد دەکەن. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش کرد، جێبەجێکردنی بڕیارەکە لە 2027ـەوە دەستپێدەکات. ستامەر باسی لەوەش کرد، ئەگەر لە هەڵبژاردنی داهاتوو کە لە 2029 بەڕێوەدەچێت، براوە بن؛ خەرجیی بەرگری بۆ 3%ی کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆ زیاد دەکەن. سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاشکرای کرد، هاوکارییە دەرەکییەکان لە 0.5% بۆ 0.3%ی کۆی گشتیی داهاتی ناوخۆ کەم دەکەنەوە، ئەوەش بۆئەوەی بتوانرێت زیادکردنی خەرجییەکانی بەرگری پڕبکرێنەوە. هاوکارییە دەرەکییەکان ئەو هاوکارییە مرۆیی، سەربازی و ئابوورییانە دەگرێتەوە کە حکومەتی بەریتانیا پێشکێشی ئەو وڵاتانەی دەکات کە پێویستیان پێیەتی. پێش ئەوەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بڕیار لەبارەی راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکان بدات، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند، بەشێک لە هاوکارییەکانی بۆ رواندا راگرتووە. لەبارەی راگرتنی هاوکارییە دەرەکییەکان ستامەر گوتی، "بە راگەیاندنی ئەو بڕیارە دڵخۆش نیم." هەروەها سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پابەندیی حکومەتەکەی بەرامبەر بە خەرجییەکانی رێکخراوی ناتۆ دووپات کردەوە و هاوپەیمانێتییەکەی بە "بەردی بناخەی ئاسایش"ی وڵاتەکەی وەسف کرد، رەخنەشی لە ڤلادیمێر پووتین، سەرۆکی رووسیا گرت و گوتی، "ستەمکاران تەنیا وەڵامی هێز دەدەنەوە."
سەرچاوە: ڕووداو