یەکێتیی ئەورووپا ناوی حەوت وڵاتی بڵاوکردەوە کە سەلامەتن بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران
یەکێتیی ئەورووپا سێ وڵاتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و چوار وڵاتی دیکەشی خستە نێو لیستی وڵاتانی "سەلامەت"، کە وڵاتانی ئەورووپا دەتوانن کۆچبەرانیان دیپۆرت بکەنەوە.

رۆژی چوارشەممە، 16ـی نیسانی 2025، یەکێتیی ئەورووپا حەوت وڵاتی دیکەی خستە نێو لیستی ئەو وڵاتانەوە کە بە وڵاتی سەلامەت ناسراون و وڵاتانی ئەورووپی دەتوانن کۆچبەرانی بۆ دیپۆرت بکەنەوە. لەنێو ئەو حەوت وڵاتە، هەریەک لە میسر، مەغریب و تونس هەن. بێجگە لەو سێ وڵاتەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، لە لیستە نوێیەکەدا بەنگلادیش، هیندستان، کۆلۆمبیا و کۆسۆڤۆش هەن.
بەپێی ئەو بڕیارە نوێیەش، وڵاتانی ئەورووپا پرۆسەی یەکلاکردنەوەی کەیسی پەناخوازانی ئەو وڵاتانە خێراتر دەکات. لەبارەی ئەو بڕیارە نوێیە، ماگنەس برونەر، کۆمیسیاری یەکێتیی ئەورووپا بۆ کاروباری کۆچبەران رایگەیاند: "زۆر لە ئەندامانی یەکێتیی ئەورووپا رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر لە کەیسی داواکاریی مافی مانەوە بوونەتەوە، بۆیە هەر رێکارێک بۆ سووککردنی ئەرکی وڵاتان لەو پرۆسەیەدا، گرنگ دەبن."
ئەم بڕیارەش لەدوای داواکاری ساڵی رابردووی هەریەک لە ئیتاڵیا و پۆڵەندا هات کە داوایان کرد کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا نەخشەڕێگەیەک بۆ وەرگرتنی کۆچبەران و پرۆسەی دیپۆرتکردنەوە دابنرێت.
بەگوێرەی ئامارەکانی یەکێتیی ئەورووپا زیاتر لە 200 هەزار پەناخوازی ئەو حەوت وڵاتە داوای مافی پەنابەرێتیان لە وڵاتانی ئەورووپا پێشکێش کردووە.
هەروەها پار، یۆنان داوای کرد تورکیاش بخرێتە لیستی وڵاتانی سەلامەت، تاوەکو وڵاتانی ئەورووپا بتوانن پەناخوازانی بۆ دیپۆرت بکەنەوە، بەڵام داواکارییەکەی یۆنان لەلایەن دادگەی باڵای ئەورووپاوە رەتکرایەوە و ئێستاش دەسەڵاتدارانی ئەسینا دەیانەوێت جارێکی دیکە ئەو داواکارییە لە یەکێتیی ئەورووپا بەرز بکەنەوە.
سەرچاوە: ڕووداو