یەک ئۆنسە زێڕ بە 3340 دۆلار مامەڵەی پێوەدەکرێت
رۆژی سێشەممە نرخی یەک ئۆنسە زێڕ نزیکەی 10 دۆلار بەرزبووەوە و بە 3340 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
نرخی زێڕ لە گرێبەستەکانی داهاتووشدا بە رێژەی 0.2٪ بەرزبووەوە و بە 3385 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا. بازرگانان چاوەڕێی گوتاری جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکان کە بڕیارە لە رۆژانی 21 تاوەکو 23 ـی ئەم مانگە لە کۆڕبەندی (جەکسن هۆڵ) کە کۆبوونەوەیەکی ساڵانەی گرنگی بانکە ناوەندییەکان و ئابووریناسانە، پێشکەشی بکات.
بازرگانان بەدوای هەندێ ئاماژە دەگەڕێن بۆ ئەوەی بزانن سیاسەتی نەختیی بانکی ناوەندیی ئەمریکا بە چ ئاراستەیەک دەڕوات.
کایل رۆدا، شرۆڤەکاری سەر بە کۆمپانیای راوێژکاری (کاپیتاڵ دۆت کۆم)، لەو بارەیەوە رایگەیاند: "نرخی زێڕ لە بازنەیەکی سنووردادا مامەڵەی پێوەدەکرێت."
ئەو شرۆڤەکارە دەڵێت: "بازرگانان دەیانەوێ بزانن تۆنی گوتارەکەی جیرۆم پاوڵ بەرەو تووندکردنەوەی سیاسەتی نەختییە یان خاوکردنەوەی سیاسەتی نەختی."
بەپێی راپرسییەکان، بازرگانان ئێستا چانسی کەمکردنەوەی سوودی بانکی لەلایەن بانکی ناوەندی ئەمریکاوە لە کۆبوونەوەی داهاتووی بانکەکە بە 84٪ دادەنێن و پێشبینیدەکەن بە رێژەی 0.25٪ سوودی بانکی کەمبکرێتەوە.
نرخی زێڕ کاریگەریی تووند بەرامبەر بە کەمکردنەوەی سوودی بانکی دادەنێت. ئەگەر بانکی ناوەندیی ئەمریکا سوودی بانکی کەمبکاتەوە، نرخی دۆلار و سوودی سەر قەواڵە داراییەکانی ئەمریکا دادەبەزێت کە دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ.
سەرچاوە: ڕووداو